یەلپکە: ئەمریکا دەیەوێت شەڕی کوردستان قورستر بکات

ئولا یەلپکە پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا لەبارەى بڕیارەکەى ئەمریکا لە دژی کادێرانى پێشەنگی بزووتنەوەى ئازادی رایگەیاند "ئەمریکا دەیەوێت شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە قوڵتر بکاتەوە".

ناڕەزایەتیى کوردان و دۆستانیان لە دژی بڕیارە دوژمنکارانەکەى ئەمریکا بەرامبەر کادێرانى پێشەنگی پەکەکە بەردەوامیى هەیە.

ئولا یەلپکە پەرلەمانتاری پەرلەمانى فیدراڵی ئەڵمانیا لەسەر حیزبی چەپ بڕیارەکەى ئەمریکای لە دژی کادێرانى پێشەنگی پەکەکە ئیدانەکرد و لەوبارەیەوە بۆ بە ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیى ترامپ بەو بڕیارەى ئەوەى سەلماند، کە پشتیوانى دەوڵەتى تورکە.

یەلپکە راشیگەیاند "بەڕێوەبەرایەتیى ئەمریکا لە قۆناغی پرۆسەى ئاشتیدا نەیخواست ناوبژیوانى لە نێوان پەکەکە و تورکیادا بکات و ئێستاش بڕیاریداوە لە رێگەى پارەوە پێشەنگەکانى بزووتنەوەى ئازادیى کورد دەستگیر بکات. بەوەش دەیەوێت شەڕ لە کوردستان قوڵتر و گەورەتر بکات".

یەلپکەى پەرلەمانتار لە نزیکەوە ئاشنای تێکۆشانی ئازادیى گەلی کوردە و ناڕەزایەتیى لە دژی بڕیارەکەى بەڕێوەبەریى ئەمریکا نیشاندا و ئەوەشی وت "بەو بڕیارە ئەوەمان بۆ دەرکەوت، کە هاوپەیمانیى ئەمریکا لەگەڵ یەپەگە لە سوریا هاوپەیمانییەکى تاکتکییە و بۆ دۆستایەتیکردنى کورد و گەلانى بندەست نییە".

وتیشی "ئەوەى لە بەرامبەرماندایە دەسەڵاتێکى ئیمپریالیستی خۆپەرستى خۆسەپێنە، کە بۆ بەرژەوەندیى خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر دڵڕەقانە و بێڕەحمانە دەجوڵێتەوە".

ر.م