یەکێک لەو بەرخودێرانەى مۆری خۆی لە بەرخودانی حەفتانین دا؛ ئامارا رۆژ

گەریلا ئامارا کە لە هێرشی داگیرکەریی دەوڵەتى تورک بۆ سەر حەفتانین شەهید بوو، هاوکات لەگەڵ بەرخودانە گەورەکەى بە وتنی سرود و گۆرانییەکانی کاریگەرییەکى زۆر گەورەی لەسەر هەڤاڵەکانى دروستکردبوو.

تواندنەوەی کولتوری و سڕینەوەى جەستەیی سەدان ساڵە لە دژی کورد بەڕێوەدەچێت و بۆ ئەوەش هەموو شێوازێکیان بەکارهێناوە و بەکاریشی دەهێنن. سڕینەوە، تواندنەوە، ئەشکەنجە و زوڵم بە تایبەتی لە باکووری کوردستان گەیشتووەتە بەرزرترین ئاست. هاوکات لەگەڵ شێوازی شەڕی تایبەت، راگەیاندنیش بە شێوەیەکى زۆر پرۆفیشناڵانە بەکار دەهێنرێت. دامەزراوەکان و هەموو دام و دەزگاکانی دەوڵەت خراونەتە خزمەت شەڕی تایبەت لە دژی گەلی کورد.

بەپێی پلان و عەقڵییەتى دەوڵەت باشترین مۆدێلی کورد ئەوەیە، کە کورد بە ناوی کوردێتەوە یادی هیچ شتێک نەکاتەوە. هۆکاری ئەو دڕندەییەى دەوڵەت لە ساڵی ٢٠١٥ لە کاتی بەرخودانی خۆبەڕێوەبەری و دوای ئەوەش بۆ ئەو هۆکارە دەگەڕێتەوە.

بەڵام ئەو حساباتانەى دەوڵەتى تورک بەدینەهاتن و گەنجانی کورد روویان لە چیاکان کرد. یەکێک لەو گەنجانە ئامارا رۆژ بوو، کە ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ لە سەر شاخی قەسرۆک لە ناوچەى پارتیزان شەهید بوو. لە ناوچەى مەلازگرتی مووش لە دایکبوو بوو. وەک زۆرێک لە گەنجانی کورد لە دژی ناهەقی، زوڵم و گوشارەکانى سەر وڵاتەکەى بێدەنگ نەبوو، بڕیاریدا ببێتە هاوڕێی ئەو گەنجانەی کوردستان، کە لە پێناو دۆزی پیرۆزدا شەهید بوون، بۆیە رووی لە چیا کرد.

ئامارا رۆژ، ساڵی ٢٠١٥ بەشداری ریزەکانى ئازادی بوو. لەبارەى هۆکاری بەشداربوونی دەیوت "خزمێکمان لە ١٥ی شوبات لە زینداندا جەستەى خۆی بۆ رێبەرایەتی دایە بەر ئاگر. باوەڕ و ئیرادەی ئەو زۆر کاریگەریی لەسەر من دروستکرد. هەروەها شۆڕش و شەڕی رۆژئاوا بووە هۆی ئەوە من روو لە ریزەکانى بزووتنەوەى ئازادی بکەم. هاوڕێیەتی و رەنج لە ناو ژیانی گەریلادا بە هەموو شێوەیەک کاریگەریی زۆری لەسەر من دروستکرد".

روونە ئامارای سەرحەدی بەرخودانەکەى لە چیاکانی سەرحەدەوە وەرگرتووە و لە دژی سوپایەک بە قارەمانی شەڕی کرد. هاوکات یەکێک لە نوێنەرانی نەریتی دێرینی حەیران بوو. ئەو سرود و گۆرانی و حەیرانی بۆ ئەو هاوڕێیانەى دەوت، کە شەهید دەبوون. بە گۆرانییەکانی خۆی هەموانى لە دەوری خۆی کۆ دەکردەوە. بە دەنگە پاک و بێگەردەکەى کە لە قوڵایی دڵییەوە هەڵدەقوڵا، بوو بووە دەنگی شۆڕش. گەریلا ئامارا بە ئەندازەی بەرخودانەکەى خۆی، بە دەنگە خۆشەکەى و بەو گۆرانیانە کە لە ناخی دڵەوە دەیچڕین، ئەو حەیرانانەى کە بۆ هاوڕێ شەهیدەکانی خۆی دەیچڕی، کاریگەریی لەسەر حەفتانین دروستکردبوو.

ژ.ت