چالاکوانانی عێراق هۆشداری دەدەنە تورکیا

نوێنەری (لیژنەی ناوەندی ڕێکخەرانی خۆپیشاندانی عێراق) لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق، هۆشداری دەدەنە تورکیا لە ئەگەری بەردەوامبوونی دەستدرێژیەکانی بۆسەر سەروەری عێراق.

ئەمرۆ پێنجشەممە چالاکوانانی عێراقی لەبەردەم بنکەی پێدانی فیزای تورکیا کە ئەو بنکەیە وەکو کونسولخانەیەکی تورکی کار دەکات لە بەغدای پایتەخت، گردبونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا.

گردبوونەوەکە وەکو کاردانەوەیەک لەبەرامبەر ئەو لەشکرکێشیەی سوپای تورکیای داگیرکەر لەنێو خاکی عێراقدا ئەنجامدرا، کە لە گردبوونەوەکەدا چالاکوانان ئیدانەی بەزاندنی سەروەری عێراقیان کرد لەلایەن تورکەوە. هەروەها ئیدانەی بێ دەنگی حکومەتی عێراقیش کرا لە بەرامبەر پێشێڵکارییەکان.

ناڕازین لەبەرامبەر دەستدرێژی و پێشێڵکارییەکانی دەوڵەتی تورک

یەکێک لەو چالاکوانانە بەناوی نوێنەرانی تەواوی پاریزگاکانی عێراق یاداشتنامەیەکی ناڕەزایەتی خوێندەوە کە تیدا هاتبوو: "ئێمە وەکو لیژنەی ناوەندی ڕێکخەڕانی خۆپیشاندان لە عێراق، ئەمرۆ بەنوێنەرایەتی پارێزگاکانی عێراق، لەبەردەم ئەم ناوەندەی دەوڵەتی تورکیا گردبووینەتەوە بۆ گەیاندنی ناڕەزایەتی گەلی عێراق لەبەرامبەر ئەو هێرشانەی کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ئەنجامی دەدات، لە ئیستادا ناڕەزایەتی خۆمان دەگەینە لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتی تورکیا.

سەرکردە ملکەچ و ناپاکەکان ناتوانن ڕێگرمان بن

ئەو نوێنەرەی چالاکوانان وتیشی: " بۆ ئەوانەی کە نوێنەرایەتی بوونی دیپلۆماسی دەوڵەتی تورکیا دەکەن لەخاکی عێراق، ئێمە وەکو نوێنەرانی گەلی عێراق یاداشتنامەیەکی ناڕەزایەتیتان پێشکەش دەکەین، لەسەر دواین دەستدرێژیەکانتان بۆسەر سەروەری عێراق و داواتان لێ دەکەین کە ڕێزی پرەنسیپی درواسێتی بگرن، لەهەمان کاتدا هۆشداریتان پێدەدەین کە لە توڕەیی گەل کە سەرکردە ملکەچ و ناپاکەکانی عێراق ناتوانن ڕێگرمان بن، ئەگەر پێشێڵکارییەکانتان بەردەوام بێت لەسەر خاکی عێراق.

هیچ لایەنێک بەناو تیرۆرست لەخاکی عێراق بوونی نیە

هەروەها لەکۆتاییدا ئەو چالاکوانا مەدەنیە وتی: "لەپێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە، داواتان لێ دەکەین بە شیوازێکی دیکە کاری بەناو ڕووبەروو بوونەوەی شانەی تیرۆر بگرنەبەر کە ئێمە هیچ تیرۆرێکمان بەدی نەکردووە و ڕەتی دەکەینەوە کە هیچ تیرۆرێک لە خاکی عێراق بوونی هەبێت".

ف.ق