دادگای ئێران دوو جار سزای لەسێدارەدانی بەسەر خۆپیشاندەرێكی گەنجدا سەپاند

دادگای شۆڕشی شاری ساری سەر بە پارێزگای مازەندەران، دوو جارسزای لەسێدارەدانی بەسەر خۆپیشاندەرێكی گەنجێكدا سەپاند.

ئاژانسی هەواڵی چالاكوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران-هەرانا بڵاویكردەوە، “مەهدی محەمەدی فەرد”، كە لە سەرەتایی ناڕەزایەتیەكانی ئێران، لە شاری نەوشەهری سەر بە پارێزگای مازەندەران دەستبەسەر كرابوو، لە لایەن لقی یەكی دادگای شۆڕشی شاری ساری بە تۆمەتی “بڵاوكردنەوەی خراپەكاری لەسەر زەوی” و “شەڕ دژ بە خودا” دوو جارسزای جێبەجێكردنی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

مەهدی ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لەلایەن هێزەكانی ئیتلاعات و ئاسایشی گشتی ئێران لەسەر بەشداری لە ناڕەزایەتیەكانی شاری نەوشەهر دەستبەسەركرابوو.

بە پێی ئاژانسی هەرانا، مەهدی محەمەدی فەرد لە ماوەی دەستبەسەربوون و داداگایی كردنیدا، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە “پارێزەری هەڵبژێردراو” بێبەشكرا و داداگای شۆڕشی شاری ساریش ئەو گەنجەی بە یەكێك لە پێشەنگانی گردبوونەوە ناڕەزایەتیەكانی ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی ئەیلولی ٢٠٢٢ تۆمەتبار كردووە.

هەروەها دادگا جگە لە دووجارسزای لەسێدارەدان بە تۆمەتەكانی “پڕوپاگەندە دژی كۆماری ئیسلامی”، “هاندانی خەڵك بۆ تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی و وڵات” و “سوكایەتی بە ڕابەری باڵای كۆماری ئیسلامی”، سزای حەوت ساڵ و شەش مانگ زیندانیشی بەسەر مەهدی دا سەپاندووە.

ف.ق