دوابەدوای نرخی نان، نرخ هێلكە و مریشك و گۆشت لەئێراندا فڕی

به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی خۆراك و پێداویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان له‌ ئێران به‌رده‌وامه‌ و دوابەدوای نرخی نان، نرخ هێلكە و مریشك و گۆشت لەئێراندا فڕی.

وەزارەتی كاروباری حكومەتی ئێران رۆژی چوارشەممە، ١١ی گۆڵان رایگەیاندوە؛ رەنگە نرخی چوار ماددەی خۆراكی تر بەدەر لەئارد و نان لەچوارچێوەی بەرنامەی نوێ یارانەیی"هاوكاری"حكومەتدا بەرز ببێتەوە. وەزیری پیشەسازیش داوا لەگەڵ دەكات لەم رۆژانەدا؛ هۆشیار بن و دووری بگرن لەبەرزبوونەوەی نرخەكان.

بەگوێرەی زانیاریەكانی ماڵپەڕی ئیسنا، ئەحمەد وەحیدی وەزیری كاروباری حكومەتی ئێران، رۆژی چوارشەممە لەوتووێژێكدا رایگەیاندوە؛ لەبەرنامەكانی چاكسازی یارانە، نرخی مریشك، هێلكە، شیرو ماست و رۆن گۆڕانی بەسەردا دێت و هیچ كەل و پەلێكی تریش نابێـت نرخەكانیان بەرز بكرێتەوە.

هاوكات لەگەڵ ووتەكانی وەزیری كاروباری حكومەت، راگەیاندنە ناوخۆیەكانی ئێران لەسەر بەرزبوونەوەی ئەو كاڵایانەی ئەحمەد وەحیدی زانیاریان بڵاوكردەوە. ماڵپەڕی"ئیقتصاد ئانلاین" رایگەیاندوە؛ رۆژی چوارشەممە نرخی هەر كلیۆگرام مریشك بە ٦٤ هەزار تەمەن و نرخی هەر تەبەق هێلكە بۆ ٩٨ هەزار تەمەن بەرز بووەتەوە.

ئەوەش لەكاتێكدا ئەمڕۆ، رەزا فاتمی ئەمین، وەزیری پیشەسازی، كانەكان و بازرگانی لەم بارەیەوە ئاخاوتووە و بەڵێنی  ئەوەشی داوە كە، كەل و پەل و ماددە خۆراكیەكانی وەكو هێلكە و مریشك و شیرو ماست و پەنێر بەئەندازەیەكی زۆر لەوڵاتدا بوونی هەیە، بەڵام راشیگەیاند كە ره‌نگه‌ لەكاتی گەیاندن و بڵاوكردنەوەدا كێشە دەربكەوێت.

رەزا فاتمی لەسەر ئەوەی كە ئاخۆ بەرنامەیەكیان بۆ چارەسەری كێشەی بڵاوكردنەوە و گەیاندنی كەل و پەل و ماددە خۆراكیەكاندا شتێكی ئەوتۆی نەگووتووە و تەنیا رایگەیاندوە، لەو باوەڕەدایە كە ئەم كێشەیە بەهاوكاری گەل چارەسەر دەبێت.

هـ . ب