فۆئاد حسێن بۆ هاوتا ئێرانیەكەی: توركیا بۆردومانەكەی ئەنجامداوە

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق جارێكیتر به‌رپرسیارێتی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر گه‌شتیاران له‌ گوندی په‌ره‌خی زاخۆ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌تی تورك.

وەزیری دەرەوەی عێراق فۆئاد حسێن بۆ هاوتا ئێرانیەكەی دووپاتیدەكاتەوە كە؛ ده‌وڵه‌تی بۆردومانەكەی گوندی پەره‌خی زاخۆی ئەنجامداوە و لێكۆڵینەوەی وردیان لەو بارەوەیەوە كردوە و دەڵێت؛ من خۆم ئامادەی لێكۆڵینەوەكە بووم و تۆمەتباركردنی پەكەكە ئەسڵ و ئەساسی نییە و دوورە لەراستیەوە.

فۆئاد حۆسین وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ جارێ دووەم دەوڵەتی داگیركەری تورك بەدرۆ دەخاتەوە.

بەپێ راگه‌یه‌نراوێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، وەزیری دەرەوەی ئه‌و وڵاته‌، حسێن عەبدوڵڵاهیان پەیوەندی بەوەزیری دەرەوەی عێراق فۆئاد حسێنەوە كردووه‌ و دەوڵەتی توركی بەهۆی بۆردومانكردنی گوندی پەره‌خ لەزاخۆ كە كۆمەڵێك گەشتیار تێدا شەهید و بریندار بوون سەركۆنە كردوە و سەرەخۆشی لەكەس و كاری قۆربانیان كردوە. عەبدوڵڵاهیان لەهەمانكاتدا جەختی لەسەر پاڵپشتی وڵاتەكەی بۆ سەقامگیری و ئاسایشی عێراقی دووپات كردۆتەوە.

هەر لەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەشدا، وەزیری دەرەوەی عێراق فۆئاد حسێن؛ رایگەیاندوە؛ لەشوێنی تۆپبارانەكە ئامادەبووم و لەنزیكەوە بەدواداچۆونم بۆ گۆڕانكاریەكان كردوە و تۆپبارانكردنەكەی ئیدانە كردوە و ئەو كردەوەیەش پێشلكردنی سەروەری عێراق بووە.

فۆئاد حسێن ئەوەشی دووپاتكردۆتەوە كە"بانگەشەی بوونی پەكەكە لەو ناوچەیەدا دوورە لەراستیەوە".

هـ . ب