هێزە ئەمنیەكانی رژێم جارێكی تر كارەساتیان خۆلقاند

به‌هۆی ده‌ستدڕێژی گولـله‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران، ئۆتۆمبێلێك سوتا و منداڵێكی بەلووچ لەنێوان بڵێسەكانی ئاگردا گیان بەختكرد.

دوابەدوای گولـله‌بارانكردنی ئۆتۆمبێلێك كە بنەماڵەیەكی تێدا بووە لەباشوری پارێزگای كرمان لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی رژێمی ئێرانەوە، منداڵێك لەنێو بڵێسەكانی ئاگردا گیانی بەختكرد.

كەمپینی چالاكانی بەلووچ رایگەیاندوە؛ ئەم رووداوە شەوی رابردوو لەكاتێكدا كە هێزە ئەمنیەكانی رژێمی ئێران لەگوندی ئیسلام ئاوای هەرێمی جازموریان سەر بەشاری"روودبار باشور"، ئۆۆتۆمبێلێكی مەدەنیان كردوەتە ئامانج و ئۆتۆمبێله‌كه‌ ئاگری تێبەربووە و تەقیوەتەوە.

ئەم سەرچاوە راشیگەیاندوە؛ هێزە ئەمنیەكان بەبێ ئەوەی ئاماژەیەك بەوەستاندنی شوفێری ئۆتۆمبێله‌كه‌ بدەن، دەست بەجێ گولـله‌بارانیان كردوە و دوای گڕگرتنی ئۆتۆمبێله‌كه‌ بەپەلە لەشوێنەكە دووركەوتوونەتەوە.

بەپێ زانیاریەكان، لەو ئۆتۆمبێله‌دا بنەماڵەكەیەكی سێ كەسی تێدا بووە. ژن و پیاوەكە توانیوویانە له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ بێنە دەرەوە، بەڵام منداڵەكەیان نەیتوانیووە خۆی رزگار بكات و لەئەنجامدا لەنێو بڵێسەكانی ئاگرەكەدا گیانیبەختكردوە.

تا ئێستا ناوی منداڵەكە ئاشكرا نەكراوە و راگەیاندنە ناوخۆیەكانی ئێرانیش بەهیچ شێوەیەك باسیان لەو رووداوە نەكردوە و سانسۆریان كردوە.

منداڵانی بەلووچ بەسەدان جارە دەبنە قۆربانی دەستی هێزە ئەمنیەكانی رژێمی ئێران. چەند رۆژ پێش لەهێرشێكی هاوشێوەدا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێك تر لەخۆرەم ئاوا دوو منداڵی كورد كە لەگەڵ دایك و باوكیاندا بوون، بوونە قۆربانی، بەڵام هیچ زانیاریەك لەدەستگیركردن و بەسزاگەیاندنی بكۆژەكانی منداڵان نییە.

هـ . ب