جەنگاوەرانی هەبەدەهە: ئێمە لە سەرچاوە ئابوورییەکانی فاشیزم دەدەین

جەنگاوەرانی زەینەب کناجی لە هەبەدەهە ڕایانگەیاند، هێرش دەکەنە سەر سەرچاوە ئابوورییەکانی فاشیزم و ڕاشیانگەیاند، لە کارخانەیەکی ئیستەنبول چالاکی تەقاندنەوەیان ئەنجامداوە.

جەنگاوەرانی زەینەب کناجی لە هەبەدەهە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوێک ڕایانگەیاند، لە ٢١ی حوزەیراندا لە ئەستەنبوڵ چالاکییەکی تەقاندنەوەیان ئەنجامداوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە ناوچەی پیشەسازیی ئۆرگانیزەی ئەتاتورک لە شاری خادیم کۆی، لە ئەنجامی چالاکییەکەماندا زیانێکی گەورە لە کارخانەی بەرهەمهێنانی جوانکاری و کیمیایی کەوت. لە چالاکییەدا بارهەڵگرەکان و ئۆتۆمبێلەکان لە حەوشەی کارخانەکەدا ئاگریان تێبەربوو و تەواوی کارخانەکەى گرتەوە. لەگەڵ بارهەڵگرەکان و ئۆتۆمبێلەکان دا، بەشێکی کارخانەکە بەتەواوی سووتا".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەردەوام دەبن لە چالاکیی لەو شێوەیە و ئەو کارخانە و کارگانە، سەرچاوەی ئابووریی فاشیزمن دەکرێنە ئامانج.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەم دەسەڵاتە فاشیستە هەموو ڕۆژێک تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات. ئەو دەسەڵاتە فاشیستییە لە هەموو هێرشێکی داگیرکاریدا بۆ سەر ناوچەکانی گەریلا گازی کیمیایی بەکاردەهێنێت و تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات، بۆیە ئێمە لێپرسینەوە لەو تاوانانە دەکەین و قوربانیشی بۆ دەدەین".

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەبێ وەستان بەرەو سەرکەوتن دەڕۆین.

ژ.ت