جوڵەکانی پلاسخارت پێچەوانەی بنەمای کاری نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکانە!

هەرچەندە یۆنامی هەڵگری دروشمی سەقامگیریی ئاشتیی و کارکردنە بۆ پێشخستنی پرۆسەی سیاسیی، ،مافی مرۆڤ و ڕێگری لە پێشێلکارییە بەرامبەر ئازادییەکان، بەڵام جوڵەکانی پلاسخارت پێچەوانەی بنەمای کاری نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکانە و زیاتر بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی سیاسیە.

کارنامەی نوێنەر، لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتی دیاریکراودا ڕێککەوتنی لەسەر دەکرێت، بەشێویەک زۆرترین خزمەت پێشکەش بە دۆخی سیاسی و پێویستییەکانی ئەو وڵاتە بکات.

نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی)، نوێنەرایەتییەکی سیاسیی تایبەتە، لە ساڵی ٢٠٠٣ بە بڕیاری ١٥٠٠ی ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر داوای حکومەتی عێراق دامەزراوە، لەو کاتەوە نوێنەرایەتییەکە لەکاردایە و ڕۆڵەکانی لە ساڵی ٢٠٠٧دا بە پەسەندکردنی بڕیارنامەی ١٧٧٠ فراوانتربوو.

بڕيارى ٢٦٣١ کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ‌ ٢٦ى ئايارى ٢٠٢٢ په‌سندکراوە، بەو پێیە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، پێویستە هاوكارى مرۆیی، ڕاوێژ و پشتگيریى پێشکەش بەحکومەتی عێراق و هاوڵاتیان عێراق بکات.

ئەوەش لەپێناو به‌رەوپێشبردنى پرۆسەی سیاسی لە عێراق، چەسپاندنی ئاشته‌وايى لەسەر ئاستی نیشتمانی و هەرێمی، فەراهەمکردنی یەکسانی لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکانی وڵات بەبێ جیاکاریی، نەهێشتنی هەڵاواردنی جێندەریی و پاراستنی ژینگەی عێراق و ئازادی ڕادەربڕین

ئەو بڕگانەی سەرەوە بەڕوونی و وردەکارییەوە لە کارنامەی ئەرکەکانی جینین هێنیس-پلاسخارت-دا دیاریکراوە، کە ئەو لەئێستادا نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ عێراق

 پلاسخارت کێیە؟

جینین ئەنتوانێت ھێنس-پلاسخارت لە ٧ی نیسانی ١٩٧٣ لە هۆڵندا لە دایکبووە. سیاسەتمەدار و دیپلۆمتکارێکی ھۆڵەندییە.

لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٤ی پەرلەمانی یەکێتی ئەورووپا وەک ئەندام ھەڵبژێردرا. لە ڕێی گروپی ھاوپەیمانی لیبراڵ و دیموکراسی، لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩دا دووبارە ھەڵبژێردرایەوە بە ئەندامی پەرلەمانی یەکێتی ئەورووپا، لە ٢٠١٠ دەستی لە ئەندامێتی لە پەرلەمانی یەکێتی ئەورووپا کێشایەوە، دوای ئەوەی وەک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ھۆڵەندا ھەڵبژێردرا، لە ٢٠١٢ وەک وەزیری بەرگری ھۆڵەندا دەستنیشانکرا. دوای ھەڵبژاردنەکان، بەردەوامی بە خزمەتەکەی دا تا ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ دەستی لە کار کێشایەوە، دوای ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٧ گەڕایەوە وەک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ھۆڵەندا تا ١٣ی ئەیلوولی ٢٠١٨.

لە ئابی ٢٠١٨ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەنتۆنیۆ گوتیرێس وەک نوێنەری تایبەتی خۆی لە عێراق دەستنیشانکرد

پلاسخارت چی کرد و چۆن کاردەکات؟

*لە سەرتادا لەگەل هەمو لایەنە سیاسیەکاندا دانیشتنی کرد بە ناوی چارەسەرییەوە کاری کرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، بە بیانوی ئەوەی کاری نەتەوەیەکگرتوەکان و نوێنەرەکەیان چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان و دروستکردنی یەکڕیزی نیشتیمانییە، خواستی ئەوەی هەبوو حکومەتێکی گرێدراوی وڵاتانی ڕۆژئاوا پێکبهێنێت، بەڵام تەواوی لایەنەکانی دا بە یەکدا و ئاڵۆزی دروستکرد، شیعە و سونە و کوردی پارچەکرد، بووە هۆکاری تێکچونی عێراق کە دوای ٨ مانگ حکومەت پێکنەهات و دۆخێکی وای دروستکرد کە عێراق چاوەڕێی نەبوو وە ئایندەشی دیارنییە.

*لە هەرێمی کوردستاندا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمدا دروستکردوەو خواستیەتی هاوشێوەی مادلین ئۆڵبرایت لەساڵی ١٩٩٨دا یەنەکە و پەدەکە نزیکبکاتەوە لەیەک و دژ بە گەل و تەڤگەری ئازادی بەکاریان بهێنێت، خواستی بەکار هێنانی لایەنە سیاسییەکان بوو بۆ بەرژەوەندی خۆی نەک بۆ چارەسەری کێشەکان.

*بە هەموو شێوەیەک چاوی لە بەرامبەر داگیرکارییەکاندا داخسستوەو کێشەکانی باشوری کوردستان کە خۆی لە خراپی گوزەرانی هاولاتیان و نەبونی ئازادی و کۆچی بەلێشاوی هاولاتیان و گەندەڵی و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ نابینێت و تەنها ئەوەی لای گرنگە کۆکردنەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێمە بۆ بەرژەوەندی خۆی، وەک چۆن عێراقی پارچەکرد بە هەمان شێوە کار لەسەر پارچەکردنی کوردستان دەکات.

*هیچ کات مەترسییەکانی سەر کوردانی نەبینیوە و بە خواستی بەرژەوەندی خوازی خۆی کاری کردووە بەجۆرێک چاوی لەهێرشەکانی سەر ڕۆژئاواو باشورداخستووە و هاوکات یەکێک بوو لە پێشەنگانی پیلانگێری ٩ی تشرینی یەکەم دژ بە ئیرادەی شەنگالییەکان هاوشانی پەدەکە و کازمی.

 لە کاتێکدا دەیتوانی بچێت لە نزیکەوە لە زامی ئێزیدییەکان تێبگات بە تایبەت دووای کۆمەڵگوژکردنیان لە لایەن چەتەکانی داعش و جێهێشتنی شەنگال لە لایەن پەدەکە و عێراقەوە، کە دەیتوانی کاربکات بۆ پاراستنی ئەوان و بەژدارپێکردنیان لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا بەڵام کاری کرد بۆ پارچەکردنی ئێزیدییەکان و خستنییە بەرامبەر حکومەتی عێراق و شەنگالی خستە ڕەوشێکی ناسەقامگیر و پڕ مەترسییەوە.

*هەموو دانیشتنێکی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمبوو بۆ تەنها جارێک نەبینرا لەگەڵ کەسوکاری گیراوێکی بادینان و خانەوادەی قوربانییەکی دەریای ئیجەدا کۆبێتەوە یاخود سەردانی ئەو ناوچانە بکات کە بەهۆی داگیرکارییەوە خەڵکەکەی ئاوارەبون.

پلاسخارت هاوشێوەی کاپتن نۆئیل کە نێردەی بەریتانیابوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەساڵی ١٩١٤کاردەکات بۆ تێکدانی ناوچەکە لە بەرژەوەندی خۆی و کاربەدەستان، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەو سیاسەتەی پلاسخارت کاری لەسەر دەکات عێراق و هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکانی دەخاتە مەترسییەوە و ئاڵۆزی و کێشەکان زیاتر دەکات.

ف.ق