کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دواخرا

ڕێژەی یاسایی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران نەچوونە هۆڵی دانیشتنی پەرلەمانەوە، كە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق، بۆیە دانیشتنەكە لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە دواخرا.

هەرچەندە وابڕیار بوو كاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق كۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی ئەندامانەوە دانیشتەكە بەڕێوەنەچوو.

٢٠٢ پەرلەمانتار چوونە ناو هۆڵی دانیشتنەکەوە، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاساییەوە، دانیستنەکە دواخرا بۆ ڕۆژی دوو شەممە و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریش دواخرا بۆ دانیشتنێکی دیکە لە ڕۆژی چوار شەممەدا ئەنجام دەدرێت.

بۆ تەواوكردنی ژمارەی یاسایی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێویستی بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامەكانیەتی و دەبێت ٢٢٠ ئەندام لە هۆڵی كۆبوونەوەدا ئامادەبن، بەڵام بەهۆی بایكۆتی بەشێك لە لایەنەكانەوە نەتوانرا ڕێژەی یاسایی دانیشتنەكە تەواو بكرێت.

ڕەوتی سەدر و سوننەكان و پەدەكە، كە پیشتیوانی بۆ دانیشتنەكە كۆدەكەنەوە، ژمارەی كورسییەكانیان ١٦٦ كورسییە و هەریەك لە ئمتیداد و نەوەی نوێ و هاوپەیمانی شەعیبە و كوتلەی توركمانی بەشداریی دانیشتنەكەیان كرد و بەگشتیی ٢٠٢ پەرلەمانتار بەشدارییان کرد، بەمەش ژمارەی یاسایی بۆ دانیشتنەكە تەواونەكرا.

لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی و بەشێك لە پەرلەمانتارە سەربەخۆكان و یەنەكە و كۆمەڵی دادگەریی و یەكگرتووی ئیسلامی بەشداریی دانیشتنەكەیان نەكرد، کە ژمارەیان ١٢٦ پەرلەمانتار بوو.

ف.ق