KCDK-E  : هەتا داگیركەرەكان رۆژئاوا چۆڵ نەكەن خۆڕاگریمان بەردەوام دەبێت

لە چوارچێوەی ناڕەزایەتی ناوخۆیی و سەرتاسەری جیهانیدا بڕیارە بەیانی لە بروكسەلی پایتەخیت بەلجیكا داگیركەری دەوڵەتی تورك لە رۆژئاوای كوردستان بە رێپێوانێك ڕسواو شەرمەزار بكرێت.

ناڕەزایەتی لەدژی هێرش و داگیركەریەكانی دەوڵەتی تورك و چەتەكانی، لەسەر باكور و رۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامن. بڕیارە سبەینێ 23ی تشرینی یەكەم لە بروكسەلی پایتەختی بەلجیكا لە لایەن كۆنگرەی كۆمەڵگای دیمۆكراتیكی كورد لە ئەورۆپا KCDK-E ڕێپێوانێكی گرنگ ئەنجام بدرێت و لەم بارەیەوە KCDK-E لێدوانێكی بڵاو كردەوەو ڕایگەیاند كە پلانی داگیركردنی رۆژئاوای كوردستان لە لایەن ڕوسیا و توركیا و ئەمریكاوە داڕێژراوە.

كۆنگرەی كۆمەڵگای دیمۆكراتیكی كورد لە ئەورۆپا KCDK-E جەختی لەوە كردەوە كە لە مێژوودا بۆ جاری یەكەمە لەم ئاستەدا گەلانی جیهان بەم شێوەیە بۆ بەرخۆدانێك دەبنە یەك دەنگ. ئەوەی دەووترا كورد هیچ دۆستێكی نیە, بێواتا ماوە. ئێستا گەلانی جیهان و كەسانی خاوەن ویژدان، دۆستی گەلی كوردن. دڵیان لەگەڵ كورد لێدەدات. خۆڕاگری سەرێكانی بوو بە بەرخۆدانێكی نەتەوەیی سەرتاسەری و مرۆڤایەتی.

ڕێكەوتن نیە، بەڵكو داگیركەری لە ئارادایە

KCDK-E ڕایگەیاند كە داگیركەریەكانی گرێ سپی و سەرێكانی جێی قبووڵ نین و ووتی: تا ئەو ڕۆژەی داگیركەری و پلانگێری لە ڕۆژئاوای كوردستان بەردەوام بێت خەبات و خۆڕاگری ئێمەش بەردەام دەبێت. چالاكی و خۆڕاگریمان لە ئاست ئەو داگیركەریە بەردەوام دەبێت. لە هەر وڵات و شار و بەرەیەك پلانەكانمان نوێ دەكەینەوەو بە شەو و بە ڕۆژ چالاكیەكان درێژەیان دەبێت. تەنها ڕۆژێكیش بێ چالاكی تێپەر ناكات. تا ئەو ڕۆژەی كۆمەڵكوژی و ژینۆساید و داگیركەریەكان بەردەوام بێت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا چالاكیەكانی ئێمەش بۆ جۆشەوە بەردەوام دەبێت. ئێستا مۆڕالما لە هەموو كاتێك بەهێزترە.

كۆنگرەی كۆمەڵگای دیمۆكراتیكی كورد لە ئەورۆپا هەروها جەختی لەوە كردەوە كە ئەمرۆ ڕاگەیاندنەكانی جیهان و نەتەوەكان لە پشت ئێمەن و ووتی: ئەمرۆ لە هەركاتێك زیاتر بەهێزین. دەرفەتی سەركەوتن و شۆڕش بە خۆڕاگریی سەرێكانی هاتۆتەوە ئاراوە. ئەو داگیركەریەی لە سەرێكانی لە ئارادا هەیە، بۆتە گەورەترین خەتا بۆ خودی هێزە پلانگێڕەكان. بەو خۆڕاگریەمان جارێكی دیكە نە ترامپ و نە ئەردۆغان ناتوانن دەستهەڵات بگرنەوە دەست. بە ڕازیكردنی گەلی كورد دەیانەوێت خۆیان ڕزگار بكەن. هیچ ڕێكەوتنێك لە ئارادا نیە، بەڵكو لە هەوڵی داگیركەری و جینۆساید و كۆمەڵكوژی نەژادی دان. بەڵام هێز و خۆڕاگریمان ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتر دەبێت.

KCDK-E ڕایگەیاند كە ئەوان بە هیچ شێوەیەك رێگا نادەن كورد و ئاشووری و عەرەب و كلدان و ئێزیدی و عەلەوی و كریستیانەكانی رۆژئاوای كوردستان ئاوارە بكرێن و ووتی: لە سەرتاسەری جیهانیش ئەم داگیركەریە ئیتر جێگای قبوول نیە. ئێمە هەتا زیاتر بەردەوام بین لە خۆڕاگری نەتەوەیی و گەردوونی، داگیركەرانیش مەجبوور دەبن هێندە زوتر خاكەكەمان چۆڵ بكەن. بۆیە بانگ لە هەموو كەسانی خاوەن ویژدان دەكەین كە بەشدار بن لە چالاكیەكەمان كە بڕیارە سبەینێ 23ی تشرینی یەكەم لە بروكسەلی پایتەختی بەلجیكا بەڕێوە بچێت.

ناونیشانی چالاكیەكە لە بروكسەل:  Koning Albert-II Laan 15, 1210 Bruksel