خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نزیکەی سێ مانگە بەردەوامن

لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە پێشەنگایەتی ژنان ٨٩ رۆژە چالاکی و خۆپیشاندان بەڕێوەدەچێت. سەرباری لەسێدارەدان، کوشتن، گرتن و ئەشکەنجەش گەل بەردەوام لە گۆڕەپاندایە.

لەبەشێک لە خوێندنگە و زانکۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خوێندکاران بە شێوازی جیاجیا لە ناو پۆل، حەوشەی خوێندنگە و زانکۆکان چالاکی ناڕەزایەتی بەردەوام بوون، بەتایبەتی لە شارەکانی سنە، کامیاران و مەریوان.

لە شاری شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان دایکی فەرهاد و فەرزاد تەها زادە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا دایان لە رای گشتی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد لە پێناو رێگری لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی کوڕەکانی هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە.

جیا لەو دوو برایە، چوار خۆپیشاندەری دیکە لە شاری شنۆ سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.

هاوکات لە سەر ئاستی ئێرانیش چالاکییەکان لە دژی سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەردەوامن و لە ژمارەی خوێندنگە،پەیمانگا و زانکۆ چالاکی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوون.

هەر وەها لە دژی سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر خۆپیشاندەران، لە دەرەوەی ئێرانیش ژمارەیەک لە ئێرانیان و چالاکوانانی رۆژهەڵات لە وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا، سوید، نەروئج، ئیتاڵیا، کەنەدا و ئوستراڵیا گردبوونەوە و چالاکی ناڕەزایەتی دەربڕین هەبوون.