خوشکی خامنەیی: خۆم لە خەلافەتی ستەمکارانەی براکەم بێبەری دەکەم

بەدری حسێنی خامنەیی، خوشکی عەلی خامنەیی رابەری کۆماری ئیسلامی ێران، رەخنەی توندی لە براکەی گرت و خۆی لە دەسەڵاتەکەی بێبەری کرد و داواشی لە هێزەکانی دەوڵەت کرد چەکەکانیان دابنێن و بچنە پاڵ خەڵکەوە.

لەنامەیەکدا بەدری حسێنی خامنەیی خوشکی عەلی خامنەیی و هاوژینی "عەلی تێهرانی" کەسایەتی ئایینی رەخنەگری کۆماری ئیسلامی بە ئاماژەدان بەو دایکانەی لە ماوەی چواردەیەی رابردوودا جەرگیان سووتاوە و رۆڵەکانیان لەدەستداوە نوسیویەتی: "بە پێویستم زانی کە وێڕای بێبەریکردنی خۆم لە براکەم، پرسە و هاوخەمی خۆم ئاراستەی سەرجەم ئەو دایکانە بکەم کە بە هۆی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هەر لە سەردەمی خومەینیەوە تا سەردەم خەلافەتی دیکتاتۆرانەی عەلی خامنەیی، تازیەباربوون و جەرگیان سوتاوە".

لە بەشێک لە نامەکەدا کە لە هەژماری تویتەری کوڕی بەدری خامنەییدا بە هەردوو زمانی فارسی و ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە هاتووە، "منیش وەک هەمو دایکانی جەرگسوتاو و تازیەبار، بە خەمی دووری منداڵەکەمەوە دەتلێمەوە. کاتێک بە توندوتیژییەوە کچەکەمیان دەستگیرکرد، دیار و روونە کە هەزار هێندە توندوتیژی بەرامبەر بە کوڕان و کچانی ستەملێکراوی دیکە بەکاردەهێنن".

فەریدە مورادخانی کچی بەدری خامنەیی، هەفتەی رابردوو دوای ئەوەی لەلایەن دادگای شۆڕشەوە بانگهێشت کرابوو دەستگیرکرا، فەریدە لە دوایین پەیامی ڤیدیۆیی خۆیدا بەر لە دەستگیرکردنی داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کردبوو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی ئێران بپچڕێنن.

بەدی خامنەیی لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، "براکەم دەنگی خەڵکی ئێران نابیستێت و بە هەڵە پێی وایە دەنگی بەکرێگیراوەکانی دەنگی خەڵکی ئێرانە".

هەروەک نوسیویشیەتی، "وەک ئەرکێکی مرۆیی ساڵانێک بەر لە ئێستا چەند جارێک هەوڵمدا دەنگی مافخوازانەی خەڵک بە گوێی براکەم عەلی خامنەیی بگەیەنم، بەڵام دوای ئەوەی بۆم دەرکەوت کە نایەوێت گوێ بگرێت و درێژە بە رێگەی خومەینی دەدات لە سەرکوت و کوشتاری خەڵکی بێتاوان، پەیوەندییەکانم لەگەڵدا پچڕاند".

بەدری خامنەیی لە درێژەدا ئاماژەی بەوەکردووە، "رژێمی کۆماری ئیسلامی، لەسەردەمی خومەینی و عەلی خامنەیی، جگە لە ئێش و مەینەتی و ستەم بۆ ئێران و ئێرانییەکان هیچ دیاری و دەستکەوتێکی دیکەیان نەبووە، هیواو ئاواتی من سەرکەوتنی خەڵک و رووخانی دیکتاتۆری دەسەڵاتداری ئێرانە".

بەدری خامنەیی هەروەها داوای لە پاسدار و "بەکرێگیراوانی عەلی خامنەیی" کردووە کە تا زووە چەکەکانیان دابنێن و بچنە ریزی خەڵکەوە، بەر لەوە زۆر درەنگ ببێت.

عەلی مورادخانی ئەرنگە، کە بە شێخ عەلی تێهرانی ناسرابوو، هاوسەری بەدری خامنەیی، کە رەزبەری ئەمساڵ کۆچی دوایی کرد، بەیەکێک لە رەخنەگرە سەرسەختەکانی کۆماری ئیسلامی دادەنرا. هەرچەندە لە سەرەتای شۆڕشی ١٩٧٩ چەند بەرپرسیارێتییەکی وەرگرت، بەڵام بە هۆی رەخنەکانی لە عەلی خامنەیی ناچار بوو وڵاتەکەی بەرەو عێراق جێبهێڵێت و تا نەوەدەکانی سەدەی رابردوو وەک پەنابەر لە عێراقدا ژیا و دوای گەڕانەوەشی بۆ ئێران بۆ ماوەی ١٠ ساڵ زیندانی کرا و دواتریش بە تەواوەتی لە گۆشەگیریدا ژیا و خۆی و بنەماڵەکەشی بەردەوام لە ژێر رقی عەلی خامنەییدابوون.

هـ . ب