کەنەکە: پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان وەک ساڵی 2014 لە دژی داعش یەکگرتوو بن

دەستەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لەبارەی هێرشەکانی داعش بۆ سەر باشووری کوردستان رایگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، " پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان وەک ساڵی 2014 لە دژی داعش یەکگرتوو بن".

راگەیاندراوەکەى نەکەکە:

"بۆ ڕای گشتی

پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان وەک ساڵی 2014 لە دژی داعش یەکگرتوو بن

ماوەیەکە داعش بە هێرش و پەلاماردانی بۆ سەر چەندین شوێن لە باشووری کوردستان دەستپێکردۆتەوە. بە تایبەتیش ناوچە دابڕاوەکان. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەشدا چەندین پێشمەرگەو هاوولاتی شەهید بوون. راستە هەمووان بە دڕندایەتی داعش ئاشنان، بەڵام هێرشکردنە سەر ئەو ناوچانە بە بێ هاوکاری و بێ پیلانی دوژمنانی کوردستان بەڕێوەناچێت. هەر لە شەنگاڵەوە هەتا خانەقین گەلی ئێمە لەو ناوچە دابڕاوانە لەژێر هەڕەشەدایە.

پێش چەند رۆژێک داعش هێرشی بۆ سەر چەند شوێنێک لە دەوروبەری کەرکوک و کفری و کەلار کرد. لە ئەنجامدا چەندین پێشمەرگە و هاوولاتی گیانیان لەدەست دا. شەوی رابردووش هێرشیان کردە سەر گوندی خدرجیجەی شارۆچکەی مەخمور و  ژمارەیەک پێشمەرگەو خەڵکی سڤیلی گوندەکەیان شەهید کرد. ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هاوبەشی خەمی خانەوادەی قوربانیانین و سەرەخۆشی لە ئەوان و تەواوی خەڵکی کوردستان دەکەین.

لە لایەکی ترەوە هەموو دەزانین ماوەیەکی درێژە داعش لە دەوروبەری کەرکوک و گەرمیان و قەرەچوغ و ئەو ناوچانە، خەریکی خۆرێکخستنەوەو پلانی هێرشکردنە. بێگومان ئەو هێرشانە چاوەڕوانکراو بوون، بەڵام ئەوەی جێی داخە خەمساردی و نائامادەکاریی هێزەکانی ئەو ناوچانەیە. بە داخەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە کەمتەرخەم و بێ ئامادەکارییە.

ئاشکرایە خەڵکی ئەو ناوچە سنووریانەی کوردستان هەمیشە لەژێر هەڕەشەو پەلامارداندان. ئەمە تەنیا پەیوەندی بە پارت و هێزێکی تایبەتەوە نییە، ئەمە پرسی هەموو خەڵکی کوردستانە. لەبەرئەوە پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان لە بەرامبەر ئەو ناوچانەدا خۆ بە بەرپرسیار بزانن و یەکڕیز بن. بەرپرسیاریتی یەکەمیش ئەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی هەرێم. پێویستە لەو رووەوە بە زووترین کات هەموو ئامادەکارییەک بکات.

ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان داوا لە هەموو ئەندامانی خۆمان، لە سەرجەم پارت و هێزە کوردستانییەکان دەکەین بە هەموو توانای خۆیانەوە لە پاراستنی خەڵکی ئەو ناوچانەدا بەشداری کارا بن.

ئێمە جارێکی دی هەموو شەهیدانی کوردستان بە دڵگەرمی بەبیر دێنینەوە. سەرەخۆشیی لە هەموو گەلی کوردستان دەکەین و هێرشکاران ریسواو شەرمەزار دەکەین".

ژ.ت