لە هێرشێکدا بۆ سەر کەنیسەیەک لە قودس لانیکەم حەوت کەس گیانیان لەدەستدا

پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند، لە هێرشێکدا کە لە نزیک کەنیسەیەک لە قودس ئەنجامدراوە لانیکەم ٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٣ کەسیش برینداربوون. پۆلیس رایگەیاند ئەو کەسەشی کە دەوترێت هێرشبەرەکە بووە، کوژراوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوی پۆلیس، کاتژمێر ٢٠-١٥ لە نزیک کەنیسەیەک لە شەقامی نەڤە یاکوڤ هێرشەکە ئەنجامدراوە، هێرشبەرەکە بە ئۆتۆمبێل لە شوێنی هێرشەکە هەڵاتووە، بەڵام دواتر لە تێکهەڵچوون لەگەڵ پۆلیسدا کوژراوە.

ئاماژە بەوەشکراوە کە پۆلیسەکان بۆیان روونبووەتەوە هێرشبەرەکە کەسێکی تەمەن ٢١ ساڵە و دانیشتووی قودسی رۆژهەڵات بووە.

قودسی رۆژهەڵات بەشی فەلەستینی نشینی شارەکەیە کە لە ساڵی ١٩٦٧ لە لایەن ئیسرائیلییەکانەوە دەستی بەسەردا گیرابوو.

ئەو رووداوە دوای هێرشێکی دژوار بۆ سەرفەلەستین ئەنجامدرا. بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین رۆژی پێنجشەممە هێزەکانی ئیسرائیل لە شاری جەنینی کەرتی خۆرئاوا ٩ فەلەستینیان کوشتووە و چەندین کەسیانبریندار کردووە.

هـ . ب