لە کارگەیەک لە ئێران تەقینەوەیەک روویدا و ٩ کەس بریندار بوون

لە ئێران تەقینەوەیەک لە کارگەیەکی ماددە کیمیاوییەکان لە ئیسفەهان روویدا و بەلانیکەمەوە ٩ کەس بریندار بوون.

ئاژانسەکانی هەواڵ لە ئێران بڵاویانکردەوە، تەقینەوەکە لە کاتژمێر ٠٤:٠٠ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کارگەى ماددە کیمیاوییەکانی نوور گوستەری سپاهان لە نزیک ئیسفەهان روویداوە.

ئاماژەیان بەوەکردووە، بە لانیکەمەوە ٦ کەس بریندار بوون.

کارگەى نوور گوستەری سپاهان لە ژێر چادێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێراندا کار دەکات. ماڵپەڕی کارگەکە لەبارەی ناساندنی کاری کارگەکەیانەوە نووسیویەتی، تاکە کارگەن، کە ماددەی تەقەمەنی و فیشەکە شێتە و فیشەکی هەوایی بێ زیان دروست دەکەن.

ئەوە لە کاتێکدایە دوێنێ لە بەشی سێی پاڵاوتگەى ئابادان تەقینەوەیەک روویدا و لەو تەقینەوەیەدا بەلانیکەمەوە ٣ کەس بریندار بوون.

هەروەها لە ماوەی ساڵی رابردوودا لە کارگە و کارخانەکانی ئێران ژمارەیەک تەقینەوە روویانداوە، کە بەشێکیان بریتین لە، تەقینەوە لە کۆمەڵگەى سەربازیی پارچین، ئاگرگرتنی ناوەندی تەندروستیی ئەتهەر لە تاران، تەقینەوە لە وێستگەى ئەتۆمیی نەتەنز، تەقینەوە لە وێستگەى شەهید مەدحەج لە زەرگان، تەقینەوە لە کارگەی ئۆکسیجن لە باقرشەهر لە باشووری تاران، تەقینەوە لە کارگەی پترۆکیمیاویی توندگویان لە باشووری رۆژئاوای ئێران و تەقینەوە لە کۆمەڵگەى پیشەسازیی باکووری رۆژهەڵاتی شاری مەشهەد روویانداوە.

بەرپرسانی ئێران بە روونی هۆکاری تەقینەوەکانیان باس نەکردووە، بەڵام بۆ هۆکاری تەقینەوەکان باس لە هۆکاری تەکنیکی و کاری تێکدەرانە دەکەن.

ژ.ت