لە خۆزستانی ئێران خۆپیشاندان بەردەوامە

سەرەڕای بڵاوەپێکردنی هەزاران هێزی ئەمنیی لە شارە جیاوازەکانی خووزستان و بەتایبەت ئەهواز، شەوی ڕابردوو جارێکی دیکە خەڵکی ناڕازیی ڕژانە سەر شەقامەکان.

لە بەردەوامیی ئەو ناڕزایەتییانەی، کە بەهۆی کەمیی ئاوەوە لە پارێزگای خووزستان دەستیپێکردووە، شەوی ڕابردووش بۆ دەیەمین شەو لەسەر یەک، هاوڵاتیان ڕژانە سەر شەقامەکان.

هەروەها دوێنێ، لە شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شاری تەورێز و هەروەها شاری بجنۆرد لە پارێزگای خۆراسانی باکوور، بۆ پاڵپشتیکردن لەو ناڕەزایەتییانە چوونە سەر شەقام و بە شێوەی جەماوەریی پاڵپشتیی خەڵکی خووزستانیان کرد.

وەکو ڕۆژانی پێشتر، شەوی ڕابردووش هێزە ئەمنییەکان ڕووبەڕووی خەڵک بوونەوە و لە ئەهواز و تەبریز و چەند شارێکی دیکەدا بە تەقەکردن و گازی فرمێسکڕێژ هەوڵی بڵاوەپێکردنی خەڵکیان دا.

لە هەمان کاتدا هێزە ئەمنییەکان دەستیان کردووە بە ڕفاندن و دەستبەسەرکردنی بە شەپۆلی بەشداربووانی خۆپیشاندانەکان و لە درەنگانی شەودا هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکانیان.

ف.ق