لە کەرکوک ژنان بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەرەوە چالاکیان ئەنجامدا

لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ڕێکخراوی ڤیان بۆ پاراستنی مافی ژنان لە کەرکوک چالاکییەکی ئەنجامدا.

رۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم لەساڵی ١٩٩٩ەوە لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە وەك رۆژی جیهانی رووبەڕووبونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان دیاری كراوە، لەهەرێمی كوردستانیش ساڵانە بۆ ماوەی ١٦ رۆژ هەڵمەتێكی نیشتیمانی رادەگەیەنرێت و لەسەرجەم شارو شارۆچكەكان چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت. لەهەڵمەتی هۆشیاركردنەوە و سیمینار و هۆشیاركردنەوەی ژنان لەمافە یاساییەكانیان، كردنەوەی پێشانگا بۆ نیشاندانی ئازار و ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر ژنان كراوە لەهەرێمی كوردستان.

مێژووی ئەم رۆژە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٠ کە لەو سالەدا سی خوشكی چالاك لە بواری رامیاریدا تیرۆركران بە فەرمانی (رافائیل تروجیلو) دیكتاتۆری كۆماری دۆمەنیكان، ژنانی چالاكوانی مەدەنی بواری مافەكانی ئافرەتان لە ساڵی ١٩٨١ رۆژی ٢٥/١١یان وەك رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدژی ژنان دیاریكرد و پاشان كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی ١٩٩٩ ئەم رۆژەی بە رەسمی ناساند.

ئێوارەی ئەمرۆش ڕێکخراوی ڤیان بۆ پاراستنی مافی ژنان هەستا بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک چالاکی لە چوارچێوەی مەراسیمێکدا، کە تێیدا ساڵیادی ئەو رۆژەی بەرزڕاگرت.

لە چالاکییەکەدا فەنار فاروق بەرێوبەری ڕێکخراوەکە، بۆ ئامادەبووانی چالاکییەکە قسەی کرد و باسی لەوە کرد کە پێویستە وەکو ڕێکخراوەکانی ژنان هەوڵی بنبڕکردن و کەمکردنەوەی تەواوی جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان بدەین.

فەنار فاروق بەرێوبەری ڕێکخراوی ڤیان بۆ پاراستنی مافی ژنان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وتی: " من وەکو بەرێوبەری ڕێکخراوێکی پاراستنی ژنان بەپێویستم زانی هەڵبستم بە ئەنجامدانی چالاکییەک کە تیدا باس لە ئازار و نەهامەتیەکانی ژنان بکات.

هەروەها ئەوەی خستەڕوو: "ئێمە بۆ هاوکاریکردنی ژنان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هاشتاکێکمان بڵاوکردۆتەوە بە ناونیشانی (با دەنگت بیسراوبێت نەک چەوساو)، بەمەش دەمانەوەێت پەیامێک بنێرین و بڵێین نا بۆ بەکارهێنانی ژنان و توندوتیژی لە دژیان و نا بۆ بازرگانی کردن بەژنانەوە کە لەماوەی ڕابردوودا بۆمان دەرکەوت کە بازرگانی بە ژنانەوە دەکرێت."

فەنار فاروق لە کۆتایی قسەکانیدا رایگەیاند،" ئێمە لێرەوە داوادەکەین هاوسەرگیری منداڵان ڕابگیرێت چونکە کارێکی نایاسایی و دژی پێوەرە ئاینیەکانە، هیوادارین چیتر دژایەتی ژنان نەکرێت لەکۆمەلگادا و ئازادی تەواو بدرێت بەژنان."

لە چالاکییەکەدا شانۆێک لەلایەن ژنە شانۆکاری شاری کەرکوک (ئاوارە کوردی)یەوە پێشکەش کرا، کە تیدا بەرجەستەی لە ئازارو کوشتنی کچان دەکرد بەدەستی کەسوکاریانەوە.

هەروەها بۆ دەربڕینی ئازاری ژنان پارچەیەک ئاوازی موسیقی بۆ ئامادەبووان ئامادەکرابوو.

لە کۆتایی چالاکییەکە  کورتە فیلمێک لەلایەن ڕێکخراوی ڤیان بۆ پاراستنی مافی ژنان ئامادە کرابوو و لە هۆڵی سینەمای تایم سەنتەر مۆڵ نمایش کرا، لە کورتە فیلمەکدا باس لە دیاردەی گێچەڵ و توندوتیژی دژی ژنان کرا و تیدا وێنەی تەواوی ئەو ژنانەی کە لە هەرێمی کوردستان و عێراق لەلایەن کەسوکاریانەوە کوژراون نمایش کرا و هەروەها لە کورتە فلمەکەدا تیشک خرایە سەر ئەو گۆرستانە بێ ناونیشانەی کە ژنان دوای کوشتنیان لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە لی دەنیژرێن.

پاش تەواوبووةی کورتە فلمەکە کاتژمیر ٦:٣٠ئێوارە چالاکییەکە کۆتایی هات.

ف.ق