لە عێراق ٦ چەتەی داعش کوژران

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند، هێزە ئەمنییەكان بەهاوكاری هێزی ئاسمانی، لە زنجیرە چیای حەمرین سەر بە پارێزگای دیالە ئۆپراسیۆنێكی سەربازیان ئەنجامدا، لەئۆپراسیۆنەكەدا شەش چەتەی داعش كوژراوە.

لیوا یەحیا رەسووڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردوەتەوە و تیایدا هاتووە، لەژێر رێنماییەكانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، بۆ تۆڵەسەندنەوە لە چەتەكانی داعش پارێزگاكانی كەركوك و دیالە، هێزە ئەمنییەكانمان هەوڵە هەواڵگری و مەیدانییەكانیان چڕكردەوە بۆ لە ناوبردنی شانە شاراوەکانی داعش.

ئاماژەی بەوەشكرد،  ئۆپەراسیۆنەكە لەسەر بنەمای زانیاریی دروستی هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی بووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، توانراوە لەو ئۆپراسیۆنەدا ٦ چەتەی داعش لە زنجیرە چیای حەمرین بكوژن.

یەحیا رەسوڵ ئەوەشی خستەڕوو، ئۆپراسیۆنەكە بەهاوكاری هێزی ئاسمانی عێراق و هێزی زەمینی دیالە ئەنجامدراوە، هەروەها فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی دیالە تەرمی ٦چەتەی داعشی هەڵگرتوەتەوە.

لەدرێژەی قسەكانیدا وتی، هێزە ئەمنییەكان بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەكانی گەڕان و پشكنینیان لە هەمان شوێن، هەروەها ئۆپراسیۆنەكە زۆر بەسەركەوتوانە بەڕێوەچوو، ئەمەش وەك تۆڵەسەندنەوەیەك لەبەرامبەر ئەو هێرشانەی چەتەكانی داعش لەماوەی ڕابردودا ئەنجامیدا بوو.

لەماوەی ڕابردودا چەتەكانی داعش لەناوچەكانی سنوری پارێزگای دیالە چەندین جار هێرشیان كردوەتە سەر هێزە ئەمنییەكان و خەڵكی مەدەنی و چەندین هاوڵاتی و كارمەندانی هێزە ئەمنییەكانیان كردوەتە قوربانی.

ف.ق