لە عێراق بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە تاوەکو ئێستا ٢٧ کەس گیانیان لەدەستداوە

بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە تاوەکو ئێستا لە هەموو عێراق ٢٧ کەس گیانیان لەدەستداوە.

سەیف ئەلبەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لە سەری ساڵەوە تاوەکو ئێستا ١٦٢ حاڵەتی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون کە ٢٧ کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

سەیف ئەلبەدر وتی لە باشوری کوردستان حاڵەتێکی نەخۆشیەکە تۆمارکراوە.

بەرپرسانی عێراق رایانگەیاندبوو کە ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشیەکە بوون زیاتر، ئاژەڵدارن.

لە پارێزگای زیقار کە پارێزگایەکی هەژارنشینی باشوری عێراقە، ئاژەڵی وەک مانگا، مەڕ و بزن و گامێش بەخێودەکەن، رووبەرووی مەترسی نەخۆشیەکە بوونەتەوە.

بەپێی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، نەخۆشیەکە زیاتر لە رێگەی ئاژەڵ و پێوەدانی مێشوولەوە دەگوازرێتەوە.

لەنێوان ١٠٪ و ٤٠٪ی ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشیەکە دەبن، گیانیان لەدەستدەدەن.

لە ئێستادا نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە ئەفریقا، ئاسیا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رۆژهەڵاتی ئەوروپا و بەڵقان تۆمار کراوە.

ف.ق