لە عێراق ماتەمینیی گشتی ڕاگەیەندرا و کاردانەوەکانیش لە دژی دەوڵەتی تورک بەردەوامە

دوای ئەوەی دەوڵەتی تورک لە ناوچەی زاخۆی باشووری کوردستان گەشتیارانی عەرەبی کۆمەڵکوژ کرد، بۆ ماوەی ڕۆژێک لە سەرتاسەری عێراق ماتەمینی ڕاگەیاندرا و دەیان پەرلەمانتار داوای کۆبوونەوەی بەپەلە و نائاسایی پەرلەمانیان کرد.

دەوڵەتی تورک کە بە شێوەیەکی سیستماتیک بۆردومانی شوێنە مەدەنییەکانی باشوری کوردستان دەکات لە بەردەوامی ئەو بۆردومانانەیدا ڕۆژی ٢٠ی تەموز گەشتیارانی عەرەبی لە گوندی پەرەخێی سەر بە زاخۆ بۆردوومان کرد.

لەو هێرشەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا ٩ گەشتیار کوژران، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون و ٢٩ گەشتیاری دیکەش برینداربوون.

دوای ئەم کوشتارە لە عێراق کاردانەوەیەکی گەورە لە دژی تورکیا دروستبوو و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە شێوەیەکی نائاسایی ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی کرد. وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش، داوای لەباڵیۆزی تورکیا، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کرد، کە تورکیا هێزەکانی لە عێراق بکشێننەوە.

ئێوارەی دوێنێ لە چەندین شار بە تایبەتی لە بەغدا خۆپیشاندان ئەنجامدرا. ئاڵای تورکیا لەسەر بینای باڵیۆزخانەی تورکیا لەلایەن چالاکوانانەوە هێنرایە خوارەوە. لە شاری کەربەلا لە بەردەم ناوەندی ڤیزا چالاکییەکی ناڕەزایەتی ئەنجامدرا و ئاڵای تورکیا سوتێنرا.

پەرلەمانتارانی عێراقیش داوایان لەپەرلەمان کرد، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و نائاسایی ئەنجام بدات. ٩١ پەرلەمانتار لە ڕاگەیاندراوێکی  هاوبەشدا داوایان لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک ئەرکانی گشتیی عێراق کرد، کە ئامادەیی کۆبوونەوە نائاساییەکە ببن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دەوڵەتی تورک بە کۆمەڵکوژکردنی هاووڵاتییانی مەدەنی تاوانی شەڕ ئەنجام دەدات و یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێل دەکات.

ژ.ت