لە عێراق یاسای نوێی هەڵبژاردن خزمەت بە حزبە گەورەکان دەکات

پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنی هەموارکردەوە و گەڕایەوە بۆ ئەو یاسایەی پێش خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٩ کاری پێدەکرا و یاسا پەسەندکراوەکەش لە خزمەت حزبە گەورەکاندایە و ئەمەش جێگەی نیگەرانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانە.

لە دانیشتنی شەوی رابردووی پەرلەماندا بەهۆی ئەوەی بە دەنگی بەرز ناڕەزایەتییان دەردەبڕی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق پەرلەمانتارە سەربەخۆکانی لە هۆڵی پەرلەمان کردە دەرەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوی پەرلەمان یاسای نوێ هەڵبژاردن پەسەند کراوە. چوارچێوەی هەماهەنگی کە هاوپەیمانی نێوان ئەو حزبانەیە کە بە لایەنگری ئێران دادەنرێن، زۆرینەی پەرلەمان پێدەهێنێت و محەمەد شیاع سودانیش سەر بەو هاوپەیمانێتیەیە.

دوابەدوای خۆپیشاندانە جەماوەرییەکەی ساڵی ٢٠١٩ لە دژی حکومەت یاسای هەڵبژاردن هەموار کرابووەوە. بەڵام بەم هەموارە جارێکیتر عێراق دەگەرێتەوە بۆ یاسای هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨.

لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٩دا چالاکوانان داکۆکیان لە سیستمێکی هەڵبژاردن دەکرد کە رێگەی بۆ دەرچوونی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ خۆشدەکرد و توانیان ئەو داواکارییەیان بچەسپێنن.

بەم جۆرە لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢١دا نزیکەی ٧٠ پەرلەمانتاری سەربەخۆ توانیبوویان بچنە پەرلەمانەوە. پەرلەمانی عێراق لە ٣٢٩ کورسی پێکدێت.

هەمواری پەسەندکراو لە هەڵبژاردنی داهاتوودا کاری پێدەکرێت. وادەی هەڵبژاردنی گشتی هێشتا دیارینەکراوە، بەڵام جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی خۆجێیی (پارێزگاکان) لە شەشی تشرینی دووەمدا ئەنجام دەدرێن. هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بریارە لە ١٨ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بەڕێوە بچێت.

بە گوێرەی یاسای پێشوو ٨٣ بازنەی هەڵبژاردن بوونیان هەبوو، بەڵام لە یاسا نوێکەدا عێراق بە سەر ١٨ بازنەی هەڵبژاردندا دابەش دەکرێت.

شیکەرەوەی سیاسی سەجاد ژیاد لەسەر هەژماری خۆی باسی لەوەکردووە، کە یاسای نوێی هەڵبژاردن رێگە بە حزبە گەورە دەدات بە ئاسانی کورسی بەدەستبهێنن. ژیاد نوسیویشیەتی: "حزبە بچوکەکان و سەربەخۆکان لە هەڵمەت و پرۆسەی هەڵبژاردندا رووبەڕووی کێشە و ئاستەنگ دەبنەوە، لەبەر ئەوەی نەک لەسەر ئاستی خۆجێیی بەڵکوو لە سەر ئاستی پارێزگادا کێبڕکێ دەکەن". بەگوێرەی وتەکانی ئەو شیکەرەوە سیاسیە ئەگەر پارتە گەورەکان بە پێی پێویستیش دەنگ نەهێنن دەتوانن کورسی مسۆگەر بکەن.

پەرلەمانتاری سەربەخۆ عەلا رکابی قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فرانسە پردووە و رایگەیاندووە: "لەئێستا بەدواوە کاندیدی حزبە بچوکەکان و سەربەخۆکان هیج هیوایەکیان بۆ بەدەستهێنانی کورسی پەرلەمان نەماوە".

هـ . ب