لە تورکیا زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی وڵات هەژارن و 30 ملیۆن کەسیش لە ژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین

بەهۆی سیاسەتەکان ڕژێمی "ئەردۆغان- باخچەلی" یەوە، نزیکەی یەک لە سەر سێی هاوڵاتیانی تورکیا دەکاتە 30 ملیۆن کەس لە ژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین و زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی وڵاتییش لە هەژاریدا ژیان بەسەردەبەن و سەبارەت بەو دۆخە مەترسیدارە هەدەپە هۆشداری دەدات.


بەهۆی سایسەتی هەڵە و نەزانکارانەی ڕژێمی "ئەردۆغان باخچەلی" یەوە ڕۆژ بە ڕٶژ لە تورکیا قەیرانەکان قوڵتر دەبنەوە و ژیان و گوزەرانی خەڵکی لە هەموو بوارەکاندا خراپت دەبێت. هاوکات کەرتەکانی ئابووری، پیشەسازی، گەشتیاری و دارایی لە داڕمانی تەواوەتی نزیک بوونەتەوە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بەهای پارەی ئەو وڵاتە کە لیرەیە لە بەرامبەر دراوە بیانیەکاندا تەواو دابەزیوە. 
هەموو ئەوانەش وای کردوە، تا هەژاری و نەداری و برسیەتی باڵ بەسەر بەشێکی گەورە کۆمەڵگەی تورکیا دا بکێشێت.

لەوبارەوەە پارتی دیمۆکراتیکی گەلان - هەدەپە، ڕاپۆرتێکی فراوانی ئامادە کراوە و تێیدا ئاشکرا کراوە: لە تورکیا 30 ملیۆن کەس لە ژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین کە ئەوەش دەکاتە نزیکە 1 لەسەر 3ی دانیشتوانی تورکیا کە نزیکە 85 ملیۆن کەسە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە: لە ئێستادا لە ٦٠٪ی دانیشتووانی تورکیا بە هەقدەستێکی زۆر کەم کار دەکەن و داهاتی ڕۆژنامە و مانگانەیان زۆر کەمە و بەبەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر دابەزیووە. هەروەها ڕاگەیەندراوە، کە بەلایەنی کەمەوە ٢٠ ملیۆن کەس لەژێر هێڵی هەژار یدان و ئەگەر ئەوانەش بە هۆی کۆرۆناوە بێکاربوون هەژمار بکرێن ئەوا ڕێژەکە بۆ ٣٠ ملیۆن کەسە بەرز دەبێتەوە.
ئەوەش ئاشکرا کراوە، کە لە ساڵی ٢٠١٥ بەداوە لانی کەم ٥٠ هەزار کەس بەهۆی دۆخی خراپی ئابوورییەوە کارگە و دوکانەکانیان داخستووە، بەڵام لەم دوو ساڵەی دواییدا ئیستادا ئەو ڕێژەیە بۆ داخستنی دەیان هەزار کارگە و سەدان هەزار دوکان بەرز بووەتەوە.
ڕاپۆرتەکە ئەوەسی خستووەتە ڕوو، کە ١٧٪ی ژنان خانەنشین دەکرێن، بەڵام ڕێژەی خانەنشینی پیاوان لە ٨٪ـە و لە ڕێژەی مووچەکانیشدا ستەم لە ژن دەکرێت و کەمترە لە مووچەی خانەنیشینی پیاوان. ئەمەش جیاکاری ئاشکرایە کە لە نێوان ژنان و پیاواندا دەکرێت.
باس لەوەشکراوە، بەگشتی خانەنشینان بەهۆی کەمی مووچەکانیانەوە نەتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن و ڕووبەڕووی هەژاری و برسییەتی دەبنەوە.
بەوتەی لێدوانی شارەزایانێک کە چاودێری دۆخی تورکیا دەکەن، ئەگەر لە ئیستادا لە تورکیا 30 ملیۆن کەس لە ژێر هێڵی هەژاریەوە بن، ئەوا زیاتر لە نیوەی کۆمەڵگە لە هێڵی هەژاریدا بەسەر دەبات.
هەموو ئەوانەشێان گەڕاندوەتەوە بۆ دەرەنجامی سیاسەتی شەڕخوازانەی هاوپەیمانییە فاشیست و دژ گەلییەکەی ئەردۆغان و باخچەلی، کە لە ساڵی 2015وە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرییان لە تورکیا هەڵوەشاندەوە کە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەستی پێکرد بوو و بووە هۆکارێکی گرنگ بۆ بوژانەوەی تورکیا لە هەموو بوارەکاندا. هاوکات سیاسەتی دادگیرکاری و پاوانخاوازی و پەلهاوێژی ئەو هاوپیمانییە لە کوردستان، سوریا، لیبیا، دەریاسی سپی ناوەڕاست و ناگۆرنۆ قەرەباخ و هاوکاریکردنی تاقمە چەتەکانی وەک داعش، ئەلقاعدە و ئەوانی دیکە کە بەشێکی زۆری بوودجە و داهاتی وڵاتی بۆتەرخان دەکرێت، هۆکارێکی دیکەی داتەپینی ئابوری تورکیا و هەڵاوسان و هەژارییە.

لە بارەی ئەو دۆخەوە، ئابوریناسانی هەدەپە و تورکیا پێیانوایە، ئەگەر بە خێرایی هەنگاوی جددی و کردەیی بۆ چارەسەری ئەو باردۆخەی تورکیا نەنرێت و سنورێک بۆ سیاسەتە هەڵەکانی ڕژێمی ئەردۆغان - باخچەلی دانەرێت، ئەوا چارەنوسێکی زۆر خراپتر لەوەی ئێستا هەیە چاوەڕوانی تورکیا و گەلانی ئەو وڵاتە دەکات و لە ماوەی چەند ساڵی ئایندەدا ڕێژەی هەژار و قەیران و کێشەکان دوو قات دەبنەوە.


هـ.هـ