لە تویتەری خامنەییەوە هەڕەشە لە ترەمپ دەکرێت

لە تویتەری عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێرانەوە، داوای تۆڵەسەندنەوەی قاسم سولەیمانی کرا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کرایە ئامانج.

لە تویتەری “@khamenei_site”ەوە کە تویتەری خامنەییە، شەوی پێنجشەمە پەیامێک بڵاوکرایەوە کە بەم شێوەیەیە: بێ تۆڵەسەندنەوە نابێت. پێویستە تۆڵە لە بکوژرانی سولەیمانی و ئەو کەسەی فەرمانی کوشتنی سولەیمانی داوەبسەندرێتەوە،"

هەروەها لە گەڵ پەیامە هەڕەشەئامێزەکە، وینەیەکی دۆناڵد ترەمپ بڵاوکراوەتەوە کە سەرقاڵی وەرزشی گۆلفە و لەسەر وێنەکەش سێبەری فڕۆکەیەکی سێگۆشە دەبینرێت.

قاسم سولەیمانی کە وەک داڕێژەری ستراتیژی ئێران لە هەرێمەکە دەبینرا، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی پارێزەرانی شۆڕش و فەرماندەی هێزەکانی قودس بوو.

لە ٣ی کانونی دوەمی ساڵی ٢٠٢٠دا لە بەغدا بە فەرمانی ترەمپ لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا کوژرا.

ف.ق