لە ئەفغانستان لە هەرەسی بەفردا ١٩ کەس گیانیان لەدەستدا

لە ئەنجامی هەرەسی بەفردا لە هەرێمێکی نێوان ئەفغانستان و پاکستان لانیکەم ١٩ کەس گیانیان لەدەستدا.

بەپێی لێدوانی بەرپرسانی تالیبان، کارەساتی هەرەسی بەفر لەسەر سنوری پاکستان روویداوە.

راگەیەنرا، لە ئەنجامی گەڕاندا تەرمی ١٩ کەس دۆزراوەتەوە. گەڕان بەدوای قوربانیانی دیکە بەردەوامە و چاوڕێ دەکرێت ئامارەکە بەرز بێتەوە.

هەموو رۆژێک ژمارەیەکی زۆر ئەفغانی بۆ کارکردن هەوڵ دەدەن سنوری پاکستان تێپەڕێنن.

دوای ئەوەی تالیبان لە مانگی ئابدا هاتە سەر دەسەڵات، ژمارەی ئەو کەسانەی سنورەکانی پاکستان تێدەپەڕێنن و ئاوارە دەبن زیادی کردووە.

دوای بڕینی هاوکاری نێودەوڵەتی کە لەسەدا ٧٥ی بودجەی وڵات پێک دەهێنێت، قاسەی وڵات هیچ پارەیەکی تێدا نەماوە. بێکاری زۆر بووە و ئاستی هەژاری زیادی کردووە. دەوڵەت ناتوانێت مووچە دابەش بکات.

پاکستان دەیەوێت لەسەر سنوری ئەفغانستان کە ٢ هەزار و ٦٧٠ کیلۆمەترە دیوار دروست بکات. لە ساڵی ٢٠١٥دا لە ئەفغانستان لە ئەنجامی هەرەسی بەفردا زیاتر لە ٢٥٠ کەس گیانیان لەدەستدابوو.

ف.ق