لە ئێران رەئیسی سەرکەوت؛ نیوەی دەنگدەران دەنگەکانیان بەکارنەهێنا

ئیراهیم رەئیسی سەرۆکی پێشووی دەزگای دادوەریی ئێران و پاڵێوراوی موحافزکارەکان بۆ ٨هەمین سەرۆک کۆمار لە ئێران هەڵبژێردرا. لە ئێران نیوەی دەنگدەران دەنگەکانیان بەکارنەهێناوە.

بەپێی ئامارە فەرمییە بەراییەکان، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکی پێشووی دەزگای دادی ئێران لە ١٣هەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێراندا سەرکەوتنی بە دەستهێناوە و بووەتە ٨هەمین سەرۆک کۆماری ئێران.

جەمال عرف سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیانهد، ٢٨ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار دەنگ جیاکراونەتەوە و ئیراهیم رەئیسی پاڵێوراوی موحافزکارەکان ١٧ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دەنگ، موحسین رەزایی پاڵێوراوی موحافزکارەکان ٣ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دەنگ، عەبدولناسر هیمەتی پاڵێوراوی ریفۆرمخوازەکان ٢ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار و ئەمیر حوسێن قازی زادەی هاشمی پاڵێوراوی موحافزکارەکان  ١ میلۆن دەنگیان بە دەستهێناوە.

بایکۆت کاریگەر بوو

کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆییە رایگەیاند، هەڵبژاردن بە کاتی تاران لە کاتژمیر ٠٧:٠٠ی بەیانی تاوەکو ٥ی ئێوارە بەردەوام دەبێت، بەڵام هەڵبژاردنەکە ماوە ماوە درێژ دەکرایەوە و تاوەکو کاتژمێر ٠٠:٠٠ درێژکرایەوە و جارێکیتریش تاوەکو ٠٢:٠٠ی نیوەشەوی شەممە درێژکرایەوە.

لە ئێران زۆربەى پاڵێوراوانی ریفۆرمخوازەکان رەتکرابوونەوە. بە گشتی ٥٩ ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدادانیان هەبوو، کە ٢٨ ملیۆن کەسیان دەنگەکانیان بەکار هێناوە.

چاوەڕێ دەکرێت، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان تاوەکو دوای نیوەڕۆ بە تەواوی روون  بێتەوە و رەئیسی بە ٨هەمین سەرۆک کۆماری ئێران رابگەیەنرێت.

ژ.ت