لە ئێران سەرۆک کۆماری نوێ هەڵدەبژێردرێت

لە ئێران دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێ دەستیپێکرد. بژاردەی ئیبراهیم رەئیسی بە توندی بەرەنگاریی دەکرێت، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت هەڵبژاردن لە ئاستێکی بەرزدا لەلایەن هاووڵاتییان و دەنگدەرانەوە بایکۆت بکرێت.

دەنگدان کاتژمێر ٠٧:٠٠ لەلایەن رابەری ئایینیی ئێرن عەلی خامنەئی دەستیپێکرد و داوای لە ٥٩ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دەنگدەر کرد، کە دەنگی خۆیان بەکار بهێنن.

بەرپرسانی ئێران بڕیاریانداوە دەنگدان تاوەکو نیوەشەوی ئەمشەو بەردەوام بێت و دەشکرێت ماوەی دەنگدان تاوەکو سبەی شەممە کاتمژێر ٠٢:٠٠ درێژ بکرێتەوە.

رژێمی ئێران دەویەوێت لە رێگەى بەکارهێنانی ئەو رێبازە بەشداربون لە هەڵبژاردندا زیاد بکات. چاوەڕێ دەکرێت ئەنجامی بەرایی  هەڵبژاردنەکانیش ئێوارەی شەممە بڵاوبکرێتەوە.

بەپێی دوایین راپرسییەکان، ئەو کەسانەی گوێ بە دەنگدان و هەڵبژاردن نادەن و بەشداری لە پرۆسەیەدا ناکەن ژمارە و رێژەى پێوانەییان تۆمار کردووە و چاوەڕێ دەکرێت بەشداریکردنی دەنگدەران بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠ زۆر کەمتر بێت. لە ساڵی ٢٠٢٠دا  زیاتر لە ٥٧ لە سەدی دەنگدەران بەشدارییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێراندا نەکردبوو.

 ئەوە لە کاتێکدایە لە ساڵی ٢٠١٧دا حەسەن رۆحانی بە سیاسەت و بەڵێندان بۆ زیاترکردنی ئازادییە کەسییەکان کارێکی کرد، کە سەدا ٧٣ی دەنگدەران بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماردا بکەن، بەڵام رۆحانی هیچ یەک لە بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکرد.

ئەمساڵ و لە دوای کوشتاری هاووڵاتییان لە ناڕەزایەتییەکان لە دژی رژێم و هەروەها گرانی و بەرزبوونەوەىر رێژەی بێکاری و هەژاری بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو، بانگەوازەکان بۆ بایکۆتکردن لە هەموو شوێنێکەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان و هێز و لایەنە جیاواز و جۆراوجۆرەکانەوە دەبیسترێت.

پەرە سەندنی دۆخی بایکۆت و پێداگریی خەڵک لەسەر بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردندا بووە هۆی ئەوەى خامنەئی رابەری ئایینیی ئێران راستەوخۆ داوا لە خەڵک بکات بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن.

ئیبراهیمی رەئیسی تاکە پاڵێواری بەهێز و هەروەها پاڵێوراوی موحافزکارەکان و توندڕەوەکانی رژێم و هێزە ئەمنییەکانی ئێرانە. ئیبراهیم رەئیسی بەهۆی پێشینەی لە سەرکوتکاری و لەسێدارەدانی هاووڵاتییاندا لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە بە کەسێکی ناحەز دەناسرێت و بەرەنگاریی دەکرێت. لە بەرامبەردا ئەنجومەنی پاسەوانی دەستوور خۆپاڵاوتنی هەموو ئەو کەسانەى رەتکردەوە، کە توانای رکابەرییان لەگەڵ رەئیسدا هەبوو. رژێم و دام  و دەزگاکانی پشتیوانی لە رەئیسی دەکەن و خەڵکیش پێداگری لە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەکەنەوە.

ژ.ت