لایەنە عێراقی و کوردیەکان دەستیان ناوەتە بیناقاقای یەکدی

پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە عێراق بووەتە قەیرانێکی گەورە. شیعە و سوننیەکان رێکناکەون و لەلایەکی دیکەوە لایەنە کوردیەکان لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری دەستیان ناوەتە بیناقاقای یەکدی.

لە عێراق لەکاتێکدا کە قەیران و خۆپیشاندان هەبوو، ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ بڕیاری هەڵبژاردن درا. لەگەڵ ئەوەی گەل بڕوای بە هەڵبژاردنەکان نەماوە، بەڵام هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجامدرا.

دوای ئاشکراکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و پەسەندکردنی ئەنجامەکان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، چاوەڕێدەکرا کە بە زوترین کات حکومەتی نوێ پێکبهێنرێت و کۆتایی بە قەیرانەکان بهێنێت.

لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە ٣ مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکان تێپەڕیوە، لایەنە سیاسیەکانی عێراق لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ رێکنەکەوتوون و رۆژ بە رۆژیش کێشەکە وەک گرێ کوێرەیەک لە رۆژەڤی عێراقدا دەمێنێتەوە.

ماوەیەکی زۆرە لایەنەکان کۆدەبنەوە و داوای پۆست و پلە و رێککەوتن دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا دانوستانەکان بە ئەنجام نەگەیشتوون. بەپێی رێککەوتنی پێکهاتەکانی عێراق، پۆستی سەرۆکوەزیری لەلای شیعەیە. بەڵام لایەنە شیعەکان لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیری رێکناکەون.

کێشەکە لەنێوان هەماهەنگی شیعە و موقتەدا سەر رێبەری رەوتی سەدر و نوری مالکیە. بەپێی راگەیاندن و جموجووڵی سەدر، وادیارە مالکی نیگەرانە و وا دەردەکەوێت پشتگیری لە کازمی بکات.

موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر هوشداری ئەوەیدا کە بەرژەوەندیەکانی گەل نەکرێنە ئامانج. هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی شیعە لەبارەی دۆخی سیاسی عێراق هوشداری داوە و رایگەیاندووە کە ئەگەر دەرگای دیالۆگ دابخرێت، گەلی عێراق زیانی بەردەکەوێت.

موقتەدا سەدر و هادی عامری هەردووکیان هوشداریان دابوو کە دۆخەکە بەرەو قەیرانی گەورەتر دەڕوات.

بۆ ئەوەی کۆتایی بە ناکۆکیەکان بهێنرێت، موقتەدا سەدر لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ داوای کردبوو، لەگەڵ هەماهەنگی شیعەکان کۆبێتەوە، بەڵام وڵامی نەدرایەوە و هیچ کۆبونەوەیەک ئەنجام نەدرا. سەدر بێ ئەوەی لەگەڵ هەماهەنگی شیعەکان کۆبێتەوە، لە بەغداوە گەڕایەوە بۆ نەجەف.

هەر لەبارەی ئەو ناکۆکییانە و پێکهێنانی حکومەتی نوێ، سەدر و عامری لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هوشداریاندا. سەدر وتی، " بەرژەوەندیەکانی گەل نەکەنە ئامانج. گەل و وڵاتمان هێڵی سورمانە."

عامریش وتبووی، " ئەگەر دەرگای دیالۆگ دابخرێت، گەلی عێراق زیانی بەردەکەوێت، بۆیەش پێویستە بەرژەوەندیە تایبەتەکان وەلاوە بنێن."

لایەنە عێراقیەکان لەم دۆخەکان و لەلایەکی دیکەشەوە کورد لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار لەدژی یەکدی لە سەنگەردان. بەپێی یاسای عێراق پۆستی سەرۆککۆماری بۆ کوردە و لەنێو کوردیشدا بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دراوە. تاوەکو ئێستا بەم شێوەیەیە بووە و یەنەکە کەسێکی دەکردە سەرۆککۆمار.

پەرلەمانی عێراق ٧ی شوباتی وەکو رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری دیاریکردووە. ٣١ی کانونی دووەم ناوی بەربژێرەکان ئاشکرا دەکرێن.

ئەم جارە بابەتێکی سەرنجڕاکێش بووەتە ڕۆژەڤ. پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) چاوی بڕیوەتە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کە هەموو کاتێک بۆ یەنەکە بووە.

یەنەکە بۆ ئەم پۆستە بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری پێشووی دیاری کرد، بەڵام پەدەکە هوشیار زێباری کە بە گەندەڵی و دزی تۆمەتبارکراوە، بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دیاری کردووە.

لێرە پرسیارە سەرنجڕاکێشەکە ئەوەیە، بۆچی لەم دۆخەدا پەدەکە چاری بڕیوەتە پۆستێکی یەنەکە؟ پەدەکە دەیەوێت چی بکات؟ ئەمەو و بە دەیان پرسی دیکەی دروست کردووە.

کاتێک سەیری دۆخەکە دەکەین، هاوکاری پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورک و کاریگەری تورک لەسەر مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری پێشوو، مەترسی لەسەر دەستکەوتەکانی کورد دەبینرێت. تورکیا لە رێگەی کازمی فشار لەسەر عێراق دەکات و دەیەوێت شەنگال و مەخمور کۆنتڕۆڵ بکات، هەروەها چاوی بڕیوەتە کەرکوک و موسڵ.

دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پەدەکە و هەڵخەڵەتاندنی، رازی کردووە کە دەتوانێت بەردەوامی بە دەسەڵاتەکەی بدات لە هەرێمی کوردستان. بەڵام مێژووی دوژمن و نزیکایەتی تورک لەگەڵ کورد لەگەڵ ئەوەی لەبەرچاوە  و بە سەدان نمونەی هەیە، بەڵام هەڵخەڵەتانی پەدەکە، جێگەی تێڕامانە.

لەکاتێکدا کە پێویستە کورد لەنێو ماڵی خۆیدا یەکگرتوو بێت و لە بەغدا دەستکەوتەکانی بپارێزێت، ناکۆکی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار ، وا دەکات کە کورد لە بەغدا لاواز بێت و نەتوانێت مافەکانی بپارێزێت.

هەروەها کاتێک مەترسی داعش لە ناوچەکە لەبەرچاو بگرین و سەرنج بدەینە هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان کە دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە، ناوچەکە بەرەوە قەیرانی زیاتری ئابوری، سیاسی و ژیانی دەبات.

ف.ق