لەسەرتاسەری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران چالاکی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو

مەراسیمی چوارشەممە سووری لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گۆڕدرا بۆ خۆپیشاندان و چالاکی ناڕەزایەتی دژی دەسەڵات و پەیامی درێژەدان بە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی راگەیەندرا.

شەوی سێشەممە لە سەر دوایین چوارشەممەی ساڵی كوردی-هەتاوی، لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بە چوارشەممە سووری ناسراوە و هەموو ساڵێك لەو شەوەدا خەڵك بە كردنەوەی ئاگر و گێڕانی ئاهەنگ ئەو بۆنەیە پیرۆز دەكەن، بەڵام ئەمساڵ ئەو شەوە جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو گۆڕدرا بۆ سەرهەڵدان لە دژی دەسەڵات.

سەرباری ڕێوشوێنی توندی ئەمنی و سەربازی دەوڵەت بۆ رێگریی لە بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتییەکان، لە سەرجەم شارەكانی پارێزگاكانی ڕۆژهەڵات، لە ورمێوە تا ئیلام، گەنجان بە كردنەوەی ئاگر و داخستنی شەقامەكان دژی دەسەڵات، دروشمیان وتەوە.

بەپێی زانیارییەكان لە چەند شارێك، ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزەكانی دەوڵەت هاتە ئاراوە و چەندین گەنج دەستگیركران و ژمارەیەکیش برینداربوون

لەسەر ئاستی ئێرانیش لەگەڵ پیرۆزكردنی چوارشەممە سووری، لە زۆرینەی پارێزگاكان، بە تایبەتی گەورە شارەكانی وەك تاران، مەشهەد، ئەسفەهان، شیراز، ئەهواز، زاهیدان و هتد.. مەراسیمەكە گۆڕدرا بۆ خۆپیشاندان لە دژی دەسەڵات.

خۆپیشاندەران دژی دەسەڵات و بەرپرسانی باڵا دروشمیان وتەوە و ئاگریان لە پۆستەر و هێماکانی دەوڵەت بەردا، هەروەها جەختیان لە درێژەدان بە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی تا گەیشتن بە ئامانجەکانی کردەوە

لە بەشێكی زۆری شارەكان، گرژی و پێكدادان، لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەكانی دەوڵەت هاتە ئاراوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەك خۆپیشاندەر دەستگیركران و ژمارەیەكیش برینداربوون.

بە گوێرەی بانگەوازێكی پێشووی چالاكوانان، بڕیارە ئەمڕۆش خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان بە شێوەی سەرتاسەری بەڕێوەبچن.

لە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی سەرتاسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و سەرباری هێرش و گوشارەکانی دەوڵەت و کوژرانی نزیکەی ٥٠٠ خۆپیشاندەر و لەسێدارەدانی چوار خۆپیشاندەر، چالاکییە ناڕەزایەتییەکان نزیکەی شەش مانگە بەردەوامن.

هـ . ب