مامۆستایان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خۆپیشاندانیان کرد

بەهۆی پێشێلکردنی مافی مامۆستایان، گرانبوونی کەلوپەل، مووچەى کەم و یەکدەستکردنی پەروەردە، مامۆستایان لە هەندێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران رژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتییان نیشاندا.

لە رۆژانی سەرەتای کردنەوەى خوێندنگەکان و وەرزی خوێندندا، دوێنێ مامۆستایان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە پێناو سەرنجڕاکێشانە سەر پێشێلێکردنی مافەکانیان، کەمیی مووچە و گرانبوونی بەهای کەلوپەل و پێداویستییەکان رژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتییان نیشاندا.

لە هەندێک لە چالاکییەکاندا پۆستەر و لافیتە بەرزکرابوونەوە و داوای ئازادکردنی مامۆستا زیندانیکراوەکانیان تیادا کرابوو. هەروەها داوای "پەروەردەی بێ بەرامبەر مافی منداڵانە" و "نا بۆ پەروەردەی سیاسی" بەرزکرابوویەوە.

خۆپیشاندانی مامۆستایان لە شارەکانی مەریوان، ئیلام، سنە، تاران، خۆراسان، ئیسفەهان، لوڕستان، کەهگیلویە و بوێر ئەحمەد، مازەندەران، یەزد، چارمەحاڵ و بەختیاری، کرماشان، سەقز و زۆرێک لە شارەکانی تری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا بەڕێوەچوو.

ژ.ت