مانگی رابردوو ٦٠٠ کەس لە عێراق کوژراون

تاوانەكانی كوشتن لە عێراق زیادیانكردووە بەشێوەیەک، ٦٠٠ کەس لە هەموو پارێزگاکان بە هۆکاری جیاجیا کوژران و لەو ژمارەیەش ٣٢٪یان ژن بوون.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمانگەی پزیشکی دادیی بەغدا، تەنها لە مانگی ئایاری ڕابردوودا زیاتر لە ٦٠٠ كەس لە عێراق كوژراون، تاوانەكان لە هەموو پارێزگاكاندا ئەنجامدراون و ١٦ لە قوربانییەكان خەڵكی وڵاتانی تر بوون و نیشتەجێی عێراق بوون.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ٦٨٪ی كوژراوەكان نێرینە بوون و ٣٢٪یان مێینە بوون، لەو ژمارەیەش ٣٦ كەسیان بە گوللـە كوژراون، قوربانییەكانی تریش بە تاوانی جۆراوجۆر كوژراون.

فەرمانگەی پزیشکی دادیی بەغدا نایشارێتەوە، کە تاوانەكانی كوشتن لە عێراق زیادیانكردووە ژمارەكان “مەترسیدارن” و دەڵێت: ژمارەی كوژراوەكان لە یەك مانگدا، زیاترە لە ژمارەی هەموو ئەو كەسانەی ساڵی ڕابردوو تیرۆر كوشتوونی.
ف.ق