محەمەد ئەمین پێنجوێنی: ئەگەر شەڕ ڕووبدات بە تەنیا شەڕی پارتی و پەکەکە نابێت

محەمەد ئەمین پێنجوێنی کەسایەتی کورد لەبارەى هەوڵە تێکدەرەکانی دەوڵەتى تورکی داگیرکەر بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ و بڵاوکردنەوەى سیناریۆیەک لەلایەن ئەنجوومەنى ئاسایشی هەرێمەوە لە دژی پەکەکە بانگەوازێکی بڵاوکردەوە.

محەمەد ئەمین پێنجوێنی رایگەیاندووە، چەند ڕۆژێکە زەنگێکی مەترسیداری شەڕی نەگریسی کورد بە کورد لێ دەدرێ، بەتایبەتی پاش ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا پەکەکە تاوانبارکراوە، کە هەم یەکێتی و هەم پەکەکە ئەو سیناریۆیەى ئەنجوومەنى ئاسایشیان بە درۆخستەوە.

محەمەد ئەمینی پێنجوێنی ئەوەشی راگەیاندووە، ئەگەر شەڕ ڕووبدات، بە تەنیا شەڕی پارتی و پەکەکە نابێت، شەڕی هەموو کورد دەبێت، دەبێتە شەڕی باکوور و باشوور، دەبێتە هۆی لاوازکردن و بێبایەخکردنی دۆزی کورد لە هەموو جیهاندا، پرۆسەی سیاسیی باشوور بەرەو ئاڵۆزی و گێژاوێك دەچێت کە نیو سەدە پرسی کورد بۆ دواوە دەگێڕێتەوە. ئەمەش دوا تیرە کە دوو دەوڵەتی داگیرکەر بە دڵی کوردەیەوە دەنێن...

دەقی بانگەوازەکە

بانگەواز

بانگەوازێك بۆ هەموو ڕووناكبیران، هونەرمەند، سیاسەتوان و هێزە سیاسیەکانی باشووری کوردستان، بۆ هەموو نیشتمانپەروەر و کوردپەروەران

بەڕێزان: چەند ڕۆژێکە زەنگێکی مەترسیداری شەڕی نەگریسی کورد بە کورد لێ دەدرێ، بەتایبەتی پاش ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، کە سێ (باند)یان دەسگیرکردووە، کە ویستوویانە کاری تیرۆرستی بکەن و (پەکەکە) یان بێ تۆمەتبار کردووە. یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند، کە ئەوان و سێ ئەندامەکەیان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم بێ ئاگان و ناوەرۆکی ڕاگەیێندراوەکەشیان پێ قبووڵ نییە.  ئەمەش نائومێدی و پشێوییەکی زۆری لەناو گەلدا دروست کردووە.

پەکەکەش لە زمانی بەرێز (موراد قەرەیەڵا ن)ەوە، ڕایانگەیاند کە ئەو تۆمەتانە ڕاست نین و ئامادەن بە بێ شەڕو بە دیالۆگ هەموو کێشەکان چارەسەر بکەن. ئەمەش ئاماژەیەکی پۆزەتیڤە.

بەڕێزان: ئەگەر شەڕ ڕووبدات، بە تەنیا شەڕی پارتی و پەکەکە نابێت، شەڕی هەموو کورد دەبێت، دەبێتە شەڕی باکوور و باشوور، دەبێتە هۆی لاوازکردن و بێبایەخکردنی دۆزی کورد لە هەموو جیهاندا، پرۆسەی سیاسیی باشوور بەرەو ئاڵۆزی و گێژاوێك دەچێت کە نیو سەدە پرسی کورد بۆ دواوە دەگێڕێتەوە. ئەمەش دوا تیرە کە دوو دەوڵەتی داگیرکەر بە دڵی کوردەیەوە دەنێن...

بەرێزان: بەو سیفەتەی کە بەندە لەشەڕی ۱۹۹۲ ی پەکەکە و بەرەی کوردستانی، شەڕی پەکەکە و پارتی و پەکەکە و یەکێتی لەناوەندگیریدا بووم، زۆر نهێنی و لایەنی شاراوەی شەڕەکانم بۆ ئاشکرا بوون، کە هەموویان بۆ لەناوبردن و لاوازکردنی دۆزی کورد بوون .

بۆیە داوا لەم بەڕێزانە دەکەم کە ڕێگری لەم پیلانە هەرێمایەتییە بکەن

بەڕێز جەنابی کاك مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەنابی کاك نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەنابی کاك مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، جەنابی خاتوو رێواس فایەق سەرۆکی پەرلەمان، بەرێز جەنابی کاك کۆسرەت، بەرێزان جەنابی شێخ لاهور و کاك باڤڵ تاڵەبانی، کاك قوباد تاڵەبانی، هەڤاڵانی بەڕێز جەمیل بایك، موراد قەرەیەڵان و هەڤاڵ سەبری ئۆك داواتان لێ دەکەم کە هەمووتان پێکەوە هەوڵ بدەن ڕێگە لەم پیلانەی دوژمنی کورد بگرن! بۆ ئاگاداریتان بەندە لەهەردەرفەتێکدا  یەکێك لەم بەڕێزانەم بینیبێت ئەم دروشمەم دووپاتە کردووەتەوە، کە دوو هێزی سەرەکی و کاریگەر لە کوردستاندا هەیە و دەتوانن ڕۆڵ لە هەموو کایەکاندا ببینن. پارتی و پەکەکە ئەگەر تەبا و کۆك بن دۆزی کورد بۆ پێشەوە دەچێ و لەئامانجە سەرەکییەکەمان نزیکمان دەکاتەوە و ئەگەر ئەم دوو هێزە ناکۆك و لە شەڕدا بن هێزەکانی تریش لە شەڕ دەگلێنن و دۆزی کورد بەرەو لەناوچوون دەبەن. با هەموو پێکەوە هەوڵ بدەین شەڕی کورد و کورد تەحریم بکەین .

ژ.ت