مەسەدە: رووسیا و حکومەتی سوریا بەرپرسی داگیرکردنی عەفرینن

مەسەدە بە بۆنەى ساڵیادی هێرشەکان بۆ داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە رایگەیاند، رووسیا و حکومەتی سوریا بەرپرسی داگیرکردنی عەفرینن.

ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) بە بۆنەى ٣هەمین ساڵیادی داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رووسیا و حکومەتی سوریا بەرپرسی داگیرکردنی عەفرینن.

لە راگەیاندراوەکەى مەسەدەدا هاتووە؛

"ئەمڕۆ ٢٠ی کانوونی دووەم ٣هەمین ساڵیادی دەستپێکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکە لە دژی هەرێمی عەفرین. دانیشتوانی عەفرین بەرخودانێکی ٥٨ رۆژییان لە دژی پێشکەوتوترین چەک و تەکنەلۆژیای سەربازیی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کرد.

دەوڵەتی تورک، دەوڵەتێکە ئاسایش و ئارامیی هەرێمەکە تێکدەدات، لە رێگەى داگیرکردنی خاکی سوریاوە و بە ئامانجی بەرفراوانکردنی داگیرکەری و زیندوکردنەوەى ئیمپراتۆریای عوسمانی یاسا نێونەتەوەیەکان پێشێل دەکات.

لەو کاتەوە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی عەفرینیان داگیرکردووە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن، ٣٠٠ هەزار کەس لە هاووڵاتیانی عەفرین لەسەر خاک و ماڵ و حاڵی خۆیاندا کۆچبەر بوون. لە شوێنى ئەواندا بنەماڵەى چەتەکانیان نیشتەجێ کرد تاوەکو دیمۆگرافیای ناوچەکە بگۆڕن.

ئێمە وەک مەسەدە، حکومەتی سوریا و رووسیا بە بەرپرسیاری داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە دەزانین. ئێمە  هاووڵاتییانی عەفرین دڵنیا دەکەینەوە، کە یەکەمین خەباتمان ئەوەیە، عەفرین رزگار بکەین تاوەکو هاووڵاتییانی بە ئارامی و ئاسایشەوە بگەڕێنەوە، دەستێوەردەران دەربکەین و دیمەکانی بە تورککردنی سوریا لە ناو ببەین.

 هەروەها داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین، کە کۆمیتەیەکی تایبەت دروست بکات بۆ تۆمارکردن و بە دیکۆمێنتکردنی راستییەکان و لێپرسینەوە لە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە عەفرین و ئەو دیکۆمێنت و راستییانە پێشکەشی دادپەروەری بکەن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکەن.

ئێمە رای گشتیی سوریا دڵنیا دەکەینەوە، کە دۆزی عەفرین تەنها لە ئەستۆی کەسێکدا نییە، بەڵکو دۆزی عەفرین دۆزێکی نیشتمانییە و ئەرکی رزگارکردنی دەکەوێتە ئەستۆی هەموو سورییەکان. لەلایەکی ترەوە داگیرکردنی خاکی سوریا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە قەیرانەکانی قوڵتر کردەوە و گاریگەرییەکی زۆر گەورەی خراپی لەسەر موزائیک و وێنای نیشتمانیی سوریا دروستکرد.

بۆیە رایدەگەیەنین، چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا، لە رێگەی یەکگرتوویی سورییەکان و یەکخستنی هێزەکانیان لە دژی داگیرکەری، تیرۆر و دەستپۆتی (ملهوڕی) دەبێت، تاوەکو سوریایەکی دیموکراتیک، فرەرەنگ و نا ناوەندی بونیات بنێین".

ژ.ت