ناتۆ و ئەمریکا هێزەکانیان لە ئەفغانستان دەکێشنەوە

دوای بڕیاری جۆ بایدن بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان، ناتۆش ڕایگەیاند کە هاوکات لەگەڵ ئەمریکا هێزەکانی لە ئەفغانستان دەکشێنێتەوە.

دوێنێ جۆ بایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە فەرمی ڕایگەیاند کە ڕۆژی ١١ی سێپتەمبەری ئەمساڵ، دوای ٢٠ ساڵ هێزە سەربازییەکانی لە ئەفغانستان دەکێشێتەوە.

هەر شەوی ڕابردووش، پەیمانی ئەتڵەسی باکوور- ناتۆ، ڕایگەیاند: بەهۆی ئەوەی پشتڕاست بوونەتەوە کە کێشەکانی ئەفغانستان ڕێگەچارەی سەربازییان نییە، هاوکارانی ناتۆ بڕیاریان داوە کە کشانەوەی هێزەکانیان لە ئەفغانستان، لە مانگی ٥ی ئەمساڵەوە دەستپێبکەن.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ناتۆ، داوا لە تاڵیبان و دەوڵەتی ئەفغانستان کراوە کە پابەندی پرۆسەی ئاشتی بن لەو وڵاتە و هاتووە: کشانەوەی هێزەکانی ناتۆ لە ئەفغانستان بە واتای کۆتاییهاتنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەفغانستان نییە، بە پێچەوانەوە دەستپێکردنی وەرزێکی نوێیە.

جێگەی ئاماژەیە، دوێنێ جۆ بایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە فەرمی کشانەوەی سەربازەکانی ئەمریکای لە ئەفغانستان ڕاگەیاند، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ ٢٠ـەمین ساڵیادی هێرشەکانی ١١ی (سیپتەمبەر) ئەیلولی ٢٠٠١ بۆ سەر تاوەری دووانەی بازرگانی نیویۆرک و پێنتاگۆن لە ڤێرجینیا.

ف.ق