پارتی دەیەوێت هێڵی نێوان گارە و مەتینا ببڕێت

پارتی رێگای بۆ داگیرکەریی تورک کردووەتەوە و ئێستاش بۆ رەواکردنی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک، هێزەکانی خۆی بۆ هەندێک هێڵ ناردووە. پارتی ئێستا دەیەوێت هێڵی نێوان گارە و مەتینا ببڕێت.

دەوڵەتی تورک بە سەرۆکایەتیی ئاکەپە، مەهەپە و ئەردۆغان لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ەوە لە دژی باشووری کوردستان دەستیان بە هێرشی داگیرکەری کردووە. ئەو هێرشە داگیرکەرییانە کراونەتە سەر برادۆست و خواکورک و سیدەکان و ئێستاش لە حەفتانین درێژەیان هەیە و بۆ هێرشیش لە دژی مەتینا دەستیان بە ئامادەکاری کردووە. پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بەردەوامە لە هاوکارییەکانی بۆ دەوڵەتی تورک و کار بۆ ئەوە دەکات رەوایی بە ئۆپراسیۆنە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتى تورک بدات. سەرباری ئەوەش پارتی لە هەندێک ناوچەدا هێزەکانی خۆی جێگیرکردووە و هێدی هێدی دەیەوێت ناوچەکانی گەریلا بەر تەسک بکاتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) لە سەرچاوە خۆجێیەکانەوە، هێزی سەربازیی گوڵانی پارتی، کە راستەوخۆ سەر بە مەسرور بارزانین و بە "هێزی تایبەت" دەناسرێن، دوای ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ لە گوندی سپیلک تاوەکو بارزان خۆیان جێگیر کردووە. پردی گوندی خالان و ناوچەکانی تر پەڕینەوەیان کۆنترۆڵ کردووە. لە ٢٣ی تشرینی یەکەمدا دەستیان کردووە بە گواستنەوەى هێز و چەکی قورس بەرەو ناوچەى دینارتێ.

ئۆتۆمبێلی سەربازی و ئۆتۆمێلی مەدەنیی بێ رەقەم لەگەڵ چەکی قورس بۆ ناوچەکانی مەلکێ، دۆستەکا، گیسێ، دینارتێ، مەزرینگانێ، ناڤخۆش، دفری، مامشمش و گوندە ئاسووریەکان دەگوازنەوە.

هێزی کۆماندۆی زێرەڤانیش، کە لە ژێر فەرمانی رەوان ئیدریس بارزانیدایە چوونەتە شارۆچکەى دینارتێ. لە بەرەبەیانی ٢٤ی تشرینی یەکەمدا لەسەر رێگای رۆیشتن بۆ گوندی دوڤرییە بەرەو ناوچە شاخاوییەکان، لە ناوچەى گرێ قولنگە بەرەو گوندی گیسێ دەستیان بە دروستکردنی خاڵی چاودێری و پشکنین کردووە. ئەو هێزە بە چەکی قورسەوە لەو ناوچەیەدا لە جموجوڵدایە.

پێشمەرگە نایەوێت

لەبەر ئەوەى پێشمەرگە نایانەوێت بڕۆن بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی گەریلا "هێزە تایبەتەکان" بەرەو ئەو ناوچانە گواستراونەتەوە. پێشتریش پێشمەرگە لە ناوچەکەدا لە خاڵەکانی پشکنین دەرکرابوون و ئەو "هێزە تایبەتانە" لە شوێنەکانیاندا جێگیرکرابوون.

لە دژی ناوچەکانی گەریلا دەجوڵێنەوە

دەشتی دینارتێ و نەهلێ، سەر بە ناوچەی ئاکرێ لە پارێزگای دهۆکن و لەبەر ئەوەى لە چیای گارە نزیکن، بە ناوچەى گەریلا دەزانرێت. پارتی دوای جموجوڵەکەى بۆ زینی وەرتێ، هەموو جموجوڵەکانی بۆ ناوچە ستراتیژییەکانن. بەو هەنگاوانە دەیانەوێت پەیوەندیی نێوان ناوچەکانی گەریلا ببڕن و گەریلا گەمارۆ بدەن و لەگەڵ تورکیادا ئامادەکاری بۆ هێرش بکەن. سەرباری ئەوەى حساباتەکانی تورکیا یەکناگرنەوە، بەڵام دەیەوێت هێرشە داگیرکەرییەکانی لە حەفتانین بەرەو مەتینا بەرفراوان بکات. پارتی دیموکراتی کوردستانیش لەمدواییانەدا بە رەوانەکردنی هێزەکانی خۆی دەیەوێت پەیوەندیی نێوان گارە و مەتیان ببڕێت.

ژ.ت