پەدەکە لە ناوچەی حەفتانین-مەتینا بە دوای کاری تێکدەرانەوەیە

پەدەکە لە ناوچەی حەفتانین-مەتینا کە دوو هەرێمی گەریلان، بە دوای کاری تێکدەرانەوەیە. باس لەوە دەکرێت، هەر یەک لە سەربەست لەزگین کە شەنگالی بەجێهێشت و رایکرد و عەزیز وەیسی فەرماندەی هێزەکانی زێرەڤانی ئامادەکاری بۆ کاری تێکدەرانە دەکەن.

پارتی دیمۆکراتی کوردستان کە باشوری کوردستانی پێشکەشی دەوڵەتی تورک کردووە و لە دژی بزوتنەوە کوردیەکان و بە تایبەت لە دژی بزوتنەوەی ئازادی کورد، لەگەڵ هێزی داگیرکەران دەجوڵێتەوە، کاتێک دەوڵەتی تورک تەنگەتاو دەبێت، خۆی دێتەوە گۆڕەپانەکە. دوای ئەوەی هێرشە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک بە هۆی خۆڕاگریە مێژوویەکەی گەریلاکان وەستێنراو و پاشەکشەیان پێکرد، پەدەکە دەستی بە هەوڵێکی نوێی تێکدەرانە کردووە و دەیەوێت عێراق و یەکێتی نشتیمانی کوردستان-یەنەکە تێکەڵ بە یاریەکانی خۆی بکات و دەست بەسەر چەند ناوچەیەکدا بگرێت.

'دەیەوێت عێراقیش تێکەڵ بە یاریە قێزەوەنەکەی بکات'

بە پێی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوە خۆجێیەکانەوە بەدەستمان گەیشتوون، هەر یەک لە سەربەست لەزگین و عەزیز وەیسی کە دوو بەرپرسی سەربازی پەدەکەن، لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە بە مەبەستی کاری تێکدەرانە لە ناوچەکانی گەریلا، دەستیان بە هەندێک جوڵە کردووە.

سەربەست لەزگین و عەزیز وەیسی دەیانەوێت هێزەکانی پاسەوانی سنوور-ی عێراقیش تێکەڵ بەو کارە تێکدەرانەیان بکەن. لە بەرواری ١٥ی ئەم مانگە (تشرینی یەکەم) هەر یەک لە شێخ عەلۆ و سەربەست لەزگین لە فەرماندەکانی پێشمەرگەی پەدەکە لە دهۆک و عەزیز وەیسی فەرماندەی هێزی زێرەڤانی و بەرپرسێکی تری پەدەکە بە ناوی بروست، لەگەڵ شاندێکی سەربازی سوپای عیڕاق و شاندێکی دەزگای هەواڵگری دەوڵەتی تورک (میت) بە کاروانێک کە لە ٣٠ ئوتومبیل پێکهاتبوو، لە کاتژمێر ١٣:٠٠ چووبوونە ناحیەی کانی ماسی.

بە پێی ئەو زانیاریانەی گەیشتوونەتە بەر دەستمان، کۆبونەوەکەی ئەو کەسانە لە بارەگای هێزەکانی پاسەوانی سنوور-ی عیڕاق لە کانی ماسی بەڕێوە چووە. لە کۆبونەوەکەدا داوا لە هێزە سەربازیەکانی عێراق کراوە کە چەند ناوچەیەک کە دەکەونە سەر هێڵی کانی ماسی-زاخۆ کۆنترۆڵ بکەن و لە دژی بزوتنەوەی ئازادی کوردیش، لە رووی هەواڵگریەوە هاوکاریان بکەن. بەم شێوەیە هەوڵ دەدەن هێزەکانی عێراقیش تێکەڵ بە یاری و سیاسەتە قێزەوەنەکانیان بکەن.

ئامانجیان، بەشەڕدانی پێشمەرگەیە لەگەڵ هێزەکانی گەریلا

دوای ئەو کۆبوونەوەیە، بەرپرسی دەزگای هەواڵگری سەربازی پەدەکە کە کەسێکە بە ناوی بروست و بەشدار بووە لەو کۆبوونەوەیەدا، دەنگۆی ئەوەی بڵاو کردووەتەوە کە گوایا "گەریلا بە نیازە هێرش بکاتە سەر هێزەکانی پێشمەرگە". بەم شێوەیە هەوڵ دەدەن پێشمەرگە لە دژی گەریلا بەشەڕ بێنن، بۆ ئەم مەبەستەش هێزەکانی پێشمەرگەیان لە زاخۆوە گواستووەتەوە و لە ناوچەکە بڵاوەیان پێکردووە. بە پێی زانیاریەکان، پەدەکە هەوڵ دەدات بەم پرۆپاگەندە و قسە ناڕاستانە، هێزەکانی خۆی دەربازی ناوچەکە بکات و لە هەرێمی حەفتانین-مەتینا جێگیریان بکات.

هاوکات باس لەوەش دەکرێت کە، لە ناوچەی حەفتانین-مەتینا، ئەو شوێنانەی لە لایەن هێزەکانی پەدەکەوە گیراون، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا هێزەکانی زێرەڤانی کە عەزیزی وەیسی فەرماندەییان دەکات، لەوێ جێگیر بکرێن.

ز.ش