'رژێمی ئێران لە ساڵی ٢٠٢١دا ٢٥٤ کەسی لەسێدارەداوە'

ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، ساڵی ٢٠٢١ دەوڵەتی ئێران بەلایەنی کەمەوە ٢٥٤ کەسی بەتۆمەتی جیاجیا لەسێدارەداوە.

هیومان ڕایتس وۆچ- ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ١٠٠ وڵاتی جیهان بڵاوکردووەتەوە، یەکێک لەو وڵاتانەشی ڕێکخراوەکە تیشکی خستووەتەسەر ئێرانە، کە هیومان ڕایتس وۆچ وەک یەکێک لە وڵاتە هەرە پێشەنگەکانی جیهان لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەقەڵەمی داوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، تەنها لە ١١ مانگی ساڵی ٢٠٢١ حکومەتی ئێران بەلایەنی کەمەوە ٢٥٤ کەسی بەتۆمەتی جیاجیا لەسێدارەداوە، لە نێویاندا بەلایەنی کەمەوە حەوت کەسیان بە تۆمەتی “تیرۆریستی” بووە.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکەی هیومان ڕایتس وۆچ، کاربەدەستانی ئێران ئازادیی پێکهێنانی کۆبوونەوە و ئازادیی ڕادەربڕینیان بەتووندیی سنووردار کردووە، بەشێوەیەک لە سێ ساڵی ڕابردوودا هێزەکانی ئاسایش وەڵامی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانیان داوەتەوە، کە بۆ بەدەستهێنانی مافە ئابووریی ئەنجامدراون و بە هێزی زۆر و لە ڕێگای هێزی مەرگهێنەرەوە وەڵام داوەتەوە و هەزاران ناڕازییان دەستبەسەرکردووە.

ڕێکخراوەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، کە تائێستاش زیاتر لە پێنج چالاکوان بەهۆی بەشداریکردنیان لە ناڕەزایی ئاشتیخوازانە لەدژی یاساکانی حیجابی زۆرەملێ لە زینداندان و ئازادنەکراون.

سەبارەت بە دۆخی زیندانیان لە ئێران، هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاندووە: دادگاکانی ئێران و بەتایبەتی دادگاکانی سوپای پاسداران، دادگاییکردنی ڕەوا بەڕێوەنابەن و لەژێر ئەشکەنجەدا دانپێدانان لە زیندانیان وەردەگرن و لە دادگا وەک بەڵگە لەدژیان بەکاری دەهێنن، جگەلەوەش کاربەدەستان سەبارەت بە چەندین دەنگۆی ئەشکەنجەدانی بەندکراوان لێکۆڵینەوەیان نەکردووە و نەیانهێشتووە بەندکراوان بە تایبەتی لە ماوەی سەرەتای لێکۆڵینەوەدا دەستیان بە پارێزەری یاسایی بگات.

ف.ق