رێژەی هەڵاوسان لەتوركیا گەیشتە ٧٠%

لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا توركیا بەرزترین رێژەی هەڵاوسانی بەخۆیەوە بینیەوە، بەجۆڕێك رێژەی هەڵاوسان گەیشتووە؛ ٦٩.٩٧%، ئەمەش لەچاوی چەند هەفتە و مانگی رابردوودا ئاستێگی پێوانەیی تۆمار كردوە.

بەگوێرەی ئامارەكانی رۆژی پێنج شەممە، ٥ی گۆڵان، رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لەوڵاتی توركیا گەیشتووە ٦٩.٩٧% و ئەمەش بەرزترین ئاستە لەبیست ساڵی رابردوودا لەم وڵاتەدا.

ئەم بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسانە بەهۆی پێكدادانی نێوان روسیا و ئۆكرانیا و بەرزبوونەوەی نرخی كەل و پەلەكان و دابەزینی بەهای لیرەی توركی لەسەرەتای ساڵی رابردووەوە دەستی پێ كردوە.

دامەزراوەی ئاماری توركیا رایگەیاندوە؛ هەڵاوسانی مانگانەی ئەم وڵاتە لە مانگی نیساندا گەیشتووەتە، ٧.٢٥%. بەرزترین رێژەی هەڵاوسانیش پەیوەستە بە نرخی هاتووچوو كە لەساڵی رابردوو بە ١٠٥.٨٦% گەیشتووە. كەل و پەلە خۆراكیەكان و خواردنەوەكان لەساڵی رابردوودا ٨٩%بەرزبوونەتەوە و كەل و پەلی نێوماڵیش بەرێژەی ٧٧.٦% بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینیووە.

رەوشی ئابوری توركیا لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا بۆ گەلانی ئەو وڵاتە زۆر زەحمەت بووە و رێژەی هەڵاوسان بووەتە هۆی ئەوەی كە گەل لەزۆرێك لەشارەكاندا بۆ كڕینی نانە كەم نرخەكان بەكاتژمێران لەریزی فڕنەكاندا رادەوەستن، چونكە بەهای نان سێ قات بەرزتر بووەتەوە.

هاوكات نرخی سوتەمەنیەكانی وەكو، كارەبا، ئاو و گاز بەرێژەی ١٢٥% بەرز بوونەتەوە و زۆرێك لەهاوڵاتیان ناتوانن پسوولەی ئاو و كارەبا و گازی ماڵانیان دابین بكەن.

لەگەڵ ئەوەشدا، گروپی لێكۆلێنەوە هەڵاوسان"ئەی ئین ئای گ"، رێژەی هەڵاوسانی لەمانگی نیساندا بە ٨.٦٩% و رێژەی هەڵاوسانی ساڵانەی بە ١٥٦.٨٦% راگەیاندبوو.

هـ . ب