سەدر داوای دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارەکانی کرد و حەلبوسیش پەسەندی کرد

موقتەدا سەدر داوا لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکەی دەکات دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش بە سەرۆکی پەرلەمان بکەن و سوپاسی هاوپەیمانەکانیشی کرد.

موقتەدا سەدردا راگەیەنراوێکی بڵاویکردوەتەوە و دەڵێت “وێڕای سوپاسم بۆ ئەو کارانەی لەو ماوە کەمەدا ئەنجامتانداوە،  داوا لە حەسەن عەزاری سەرۆکی فراکسیۆنی سەدر دەکەین، داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرجەم پەرلەمانتارەکانمان پێشکەش بە سەرۆکی پەرلەمان بکات”.

سەدر وتی: ئەم هەنگاوە قوربانیدانە لە منەوە لەپێناو گەل و نیشتیمان و رزگاربونیان لە چارەنووسێکی نادیار کە پێشتر قوربانیمان بۆ دابوو لەپێناو ئازادی عێراق و سەروەری و ئاسایش و سەرفرازی و  سەربەخۆییەکەی.

دواتر بەپێی میدیاکانی عێراق، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارەکانی کوتلەی سەدری پەسەند کردووە، بەڵا تا ئێستا بە فەرمی ئەوە ڕانەگەیەندراوە.

کوتلەی سەدری ٧٣ ئەندامی ئەنجومەنی نوینەرانی هەیە و لیستی یەکەمی ئەنجومەنەکەیە و بە هاوپەیمانی لەگەڵ هەریەکە لە سونەکان و پەدەکە بونە بەرەیەک، لەبەرامبەردا چوارچێوەی هەماهەنگی کە پێکهاتووە لە بەشیکی دیکەی لایەنە شیعەکان ئەوانیش هاوپەیمانێتیەکیان هەبوو هیچ لایەنیکیان نەیانتوانی حکومەتی نوێ پێکبهێنن.

ف.ق