سۆمۆ: "هەرێمی کوردستان بەشێوەی نایاسایی نەوت هەناردە دەكات"

کۆمپانیای نەوتی عێراق (سۆمۆ) ڕاگرتنی هەموو گفتوگۆیەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند ، بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان بەشێوەی نایاسایی نەوت هەناردە دەكات.

دوای ئەوەی ماوەیەک لەمەوبەر دادگای فیدڕاڵی عێراق رایگەیاندبوو، تەواوی بازرگانییەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان نایاساین و پێویستە تەواوی ڕێککەوتنەکان هەڵبوەشێنەوە و تەنها لە ڕێگەی حکومەتی عێراقەوە نەوتی هەرێم بفرۆشرێت، حکومەتى هەرێم بڕیاری دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوت رەتکردەوە. ئەمرۆش کۆمپانیای سۆمۆ ڕایگەیاند کە هەموو گفتوگۆیەک لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەستاوە.

كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ئاشکرای دەکات، هەرێمی كوردستان سورە لەسەر رەتكردنەوەی بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوت، عەلا خزەیەر ئەلیاسری بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای سۆمۆ بە رۆژنامەی "صەباح"ی فەرمی حكومەتی عێراقی راگەیاندووە: هەرێمی كوردستان تائێستا جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی رەتدەكاتەوە و بەشێوەی نایاسایی نەوت هەناردە دەكات.

هەروەها خزەیەر ئەلیاسری دەڵێت" "لە ئێستادا هیچ دانوستانێك لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا نییە، كە بە فەرمی رایگەیاندووە، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بە تەواوی رەتدەكاتەوە".

هاوكات حەمزە جەواهیری پسپۆڕی بواری نەوت بە رۆژنامە عێراقیەکەی وتووە، یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان نایاسایی و نادەستورییە و كێشەی هەرێمی كوردستان لە رەتكردنەوەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ئەوەیە كە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەبێت هەموو دەسەڵاتەكان پێوەی پابەند بن.

وتیشی هیچ سازانێک لە نێوان هەرێم و بەغدا بونی نەماوە لەسەر ئەو بابەتە بەو پێیەی هەرێم یاخی بووە و ئامەدە نیە پابەندی یاساکان بێت.

ناوبراو ڕاشیگەیاند، چەندین دۆسیەی دژی کۆمپانیاکانی هەرێم بەرزکردۆتەوە کە لە کەرتی وزەی هەرێم کاردەکەن و داوایان لێکراوە، لە بەردەم دادگا ئامادە بن بۆ لێپرسینەوە لێیان لەسەر وەرنەگرتنی مۆڵەتی یاسایی بەغدا بۆ کارەکانیان، چەندین دۆسیە و داوای تریش دژیان بڵند دەکرێت، سەبارەت بەو دۆسیەیە بەڵام تا ئێستا کۆمپانیاکان ئامادە نەبوونە ملکەچ بن.

ئەمەش لەکاتێکدایە لە بەرواری ١٥/٦/٢٠٢٢ دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق کە بەرزترین دامەزراوەی دەستووری و یاسایی عێراقە، بە بڕیاری ژمارە ١٥٩، یاسای نەوت و غازی ساڵی ٢٠٠٧ی هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاند و بە نادەستووری ناساند و حکومەتی هەرێمی پابەند کرد کە کۆی بەرهەمی نەوتی خۆی ڕادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات و دەسەڵاتی هەموارکردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانی وزەی دایە وەزارەتی نەوتی عێراق، لەو کاتەوە وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆ هەوڵە یاساییەکانیان دەست پێکردوە، لە ڕێی (لیستی ڕەشەوە) دادگای بازرگانی عێراقی -کەرخ و بەکارهێنانی سیاسەتی لیستی ڕەش بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بەرامبەر هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا جیهانییەکانی بواری وزە کە لە هەرێم کاردەکەن. بەو هۆیەوە تائێستا چوار کۆمپانیای نەوتی لە هەرێم کشاونەتەوە و پابەندی خۆیان بەبڕیاری دادگای فیدڕاڵی ڕاگەیاندووە. هەروەها چوار کۆمپانیاش کراونەتە لیستی ڕەشەوە و گرێبەستی چوار کۆمپانیای تریش هەڵوەشێنراونەتەوە و دۆسیەی پێنج کۆمپانیای تریش لە دادگای کەرخن.

دۆسیەکی گەورەی مێژووییش لەسەر دۆسیەی بۆڕی نەوتە لە (دادگای ناوبژیوانی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە نادی پاریسی فەڕەنسا). سکاڵاکە لە لایەن عێراقەوە دژی تورکیا تۆمار کراوە و تێیدا عێراق داوای قەرەبووی ٢٦ بۆ ٣٢ ملیار دۆلار دەکات، بەرامبەر پێشێلکردنی ڕێکەوتنی ساڵی ١٩٧٣ ی نێوان هەردوو وڵات و ڕێگەدانی تورکیا بە هەرێمی کوردستان بۆ بەکار هێنانی سەربەخۆی بۆڕی نەوت و بڕیارە بەم نزیکانە دادگاکە بڕیاری کۆتایی و یەکلا کەرەوە لە بەرژەوەندی عێراق بدات.

ف.ق