سوپای عێراق: تورکیا ٢٠ کیلۆمەتر خاکی ئێمەی بەزاندووە و ئەوەش داگیرکەریەکی گەورەیە

وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند: سوپای تورک ٢٠ کیلۆمەتر خاکی عێراقی بەزاندووە و ئەوەش داگیرکەریەکی گەورەیە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا لیوا یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق وتی: سوپای تورکیا بە قوڵایی ٢٠ کم هاتووەتە نێو خاکی عێراقەوە، کە زیاترە لەو ڕێککەوتنەی لەنێوان هەردولادا هەیە هەروەها، سوپای تورکیا ژمارەی بنکە سەربازییەکانی زیاد کردووە لە هەرێمی کوردستان.

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق وتیشی: هاتنە پێشەوەکانی تورکیا نا دروستە و پێویستە لایەنی تورکی ڕێزی سەروەری عێراق و وڵاتانی دراوسێ بگرێت.

جەختیکردەوە، کە باوەڕیان بە ڕێکاری دبلۆماسی و گفتوگۆ هەیە بۆ گەیشتن بە ئەنجام، ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات داگیرکاریی گەورەی سەر خاکی عێراقە، ئەو پێشێلکاریانەی هیزی ئاسمانی تورکیامان تۆمارکردووە و پێویستە لە ڕێگەی سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە چارەسەر بکرێت.

داگیرکاریەکانی سوپای تورکیا بەردەومییان هەیە، ڕێکخراوی تیمی ئاشتیپارێزی کرستیان ‘سی پی تی’ لە هەرێمی کوردستان، ڕۆژی ٣ی حوزەیران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ئاشکرایکرد، کە لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا لە ماوەی پێنج ساڵدا ١٠٣هاوڵاتی شەهید بوون و ١٤٨گوند چۆڵکراون و ٥٠٠ گوندیش هەڕەشەی چۆڵکردنیان لەسەرە.

ف.ق