سیامەند موعینی: رەشبگریییەکان نیشانەى ترسی رژێمە لە تێکۆشانی ئازادیخوازانەى گەلەکەمان

سیامەند موعینی هاوسەرۆکی پەژاک رایگەیاند، هیچ رژێمێک بە سەرکوت و کوشتار ناتوانێت بەردەوامیی بە دەسەڵاتی خۆی بدات و رەشبگیرییەکانی ئەمدواییەى چالاکوانانی کوردیش نیشانەی ترسی رژێمە لە تێکۆشانی ئازادیی گەلەکەمان.

سیامەند موعینی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) وەڵامی پرسیارەکانمانی لەبارەی شەپۆلی ئەمدواییەی رەشبگیری و دەستگیرکردنی کوردان لەلایەن هێزەکانی رژێمی ئێران و هەروەها گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکان و رۆڵی کوردان و گەلانی ئێران لەم قۆناغە مێژووییەدا، دایەوە.

-  شەپۆلی دەستگیرکردنی چالاکوانان، خوێندکاران و هاووڵاتییانی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن رژێمی ئێرانەوە دەستیپێکردووە. لە پشت ئەو رەشبگیرییەوە رژێم چ ترسێکی لە کورد هەیە؟ دەکرێت لە بەرامبەر ئەو هێرش و پەلامارانەدا چی بکرێت؟

سیامەند موعینی: هێرشی رەشبگیری چالاکانی مەدەنی و سیاسی و ژینگەپارێزی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی سیاسەتی دژەمرۆڤی و شۆونیزمی دەستەڵاتی دیکتاتۆری ئێران پەیڕەو دەکردرێت و یەکێک لە حەولەکانی ئەم دەستەڵاتە بۆ خستنە خۆف و ترس لە ناو جەماوەری خەڵکی کوردستان و ئێراندایە. لە کارنامەی جمهوری ئیسلامی ئێراندا کوشتار و قەتڵ و عامی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان پشکی سەرەکی هەبوە و بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ رەوتی ئازادیخوازی بەردەوام تێرۆر و ترس و بێ ئیرادەکردنی خەڵک لە ماوەی زیاتر لە چل ساڵ بەشێک بوە لە ئاجێندای سەرەکی ئەم دەستەڵاتە سکتاریست و مافیاییە.

روانگەی دەستەڵاتدارانی ئێران بۆ بەشێک لە گەڵانی وەک بەلوچ، عەرەب، تورکمەن، ئازەری و کورد، روانگەیەکی شۆونیستی و ئەمنیەتیە. بە نیسبەتی ناوەند بە ئاشکرا دەبینرێت کە گەلانی بەلوچ، عەرەب و کورد بەهای زیاتریان داوە و فشارەکان لە سەر ئەم گەلانە زۆر بەرچاوترە. بە پێی راپۆڕتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، رێژەی گیراوان و ئێعدامیان لە ناو ئەم گەلانەدا چەند قاتی ناوەندە و ئەوەش روانگەی شۆونیستی ئەم دەستەڵاتە نیشان دەدات.

لە بەرامبەر ئەم هێرشانە دا پێویستە گەلی کورد یەکڕیزی خۆی بپارێزێت و لە هەمبەر ئەم دەستدرێژیەی دەستەڵادارانی ئێران بۆ سەر کۆمەڵگای کوردستان بێ تەفاوەت و بێ هەڵوێست نەبن. بە هەمو جۆرێک ناڕەزایەتی خۆیان وەک دژکردەوە نیشان بدەن، و بە دەستەڵاتدارانی شۆونیست بسەلمێنن، کە کۆمەڵگە و جەماوەری کوردستان زیندون و زوڵم و ناعەداڵەتی قبوڵ ناکەن. بە گشتی خەڵک دەتوانن سەردانی بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی بکەن و لەم سەردەمەدا بەتەنیایان نەهێڵنەوە، ئەوەش جۆرێک بەربەرەکانیە لە گەڵ زوڵم و زۆری دەستگا سەرکوتکەرەکانی ئێران. لە کاتی گونجاودا خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی وەڕێ بخرێت و بەم شێوازانە پاشەکشە بە زۆرداری بهێندرێت.

پێویستە هەر کەس ئەوە باش بزانێت هەتاکو ئەم سیستمە حاکم بێت و گەل خۆی بە رێکخستن نەکردبێت، زوڵم و زۆری و هێرش بۆ سەر کەرامەتی تاک دەوامی دەبێ، بۆیە زۆر گرنگە سەرەڕای هەمو کەموکۆڕیەکان، گەل پێویستە لە دەوری پاڕادایمی ئازادی خۆی بە رێکخستن بکات و ئامادە بێت بۆ ئاڵوگۆڕیەکانی دواڕۆژ.

-  لە دوای گۆڕینی بەڕێوەبەریی ئەمریکا، هاوسەنگیی دەورووبەر و سەر ئێران چ گۆڕانکارییەکی بەسەردا دێت؟ چاوەڕێ دەکرێت گۆڕانکارییەکان چی بن و چ کاریگەرییەک لەسەر سیاسەتی ئێران دادەنن؟

سیامەند موعینی: سیاسەتی کەلانی دەرەوەی ئامریکا بە نیسبەتی ئێران دیارە و تاکو ئەمڕۆش پلانێکی تۆکمەی بۆ گۆڕینی دەستەڵاتی ئێران لە ئاجێندادا نەبوە، چ سەردەمی ئوباما و چ سەردەمی ترامپ پڕۆژەی بە قەولی بۆ خۆیان دەڵێن رژیم چێنچ لە ئارادا نەبوە، بەڵکو مەبەستی ئامریکا گۆڕینی سیاسەت و هەڵسوکەوتی ئێرانە لە ناوچەکە. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە لە سیاسەتی کەلانی ئامریکا بە گشتی، سرینەوە و گۆڕینی ئەم حاکمانە جێگای نەبێتەوە.

راستە وڵاتە زلهێزەکان لە ئاڵوگۆڕیەکانی ناوچەکە بۆ بەرژەوەندی خۆیان رۆڵیان هەیە و لە داهاتۆشدا تا ڕادەیەک رۆڵیان دەبێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێمە لە بەرامبەر تاقیکردنەوەیەکی مێژوداین و رەوتی ئاڵوگۆڕیەکان گرێدراوی هەڵوێست و ئاکارەکانی جەماوەرە. ئەگەر بە خوێندنەوەیەکی زانستیانە و لە سەر ئەمری واقع بە هوشیاری هەڵسوکەوت بکردرێت من قەناعەتم وایە کە دەرفەتێکی زێڕین بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دێتە پێش و بە گشتی داهاتویەکی باش چاوەڕوان دەکەم.

من پێم وایە کە جۆ بایدن لە سەر فشارەکانی بۆ سەر ئێران بەردەوام دەبێت و تەنانەت لە هێندێک بوار فشارەکان زیاتریش دەبێت. ئێران زەحمەتە لەم رەوشەی ئەوڕۆدا کە قەیران بەدوای قەیراندا دێت و بەشێکی زۆر لە بەدەنەی سیستم لە حاکمانی دیکتاتۆر، تا ئەندازەیەک کشاونەتەوە، و رۆژبەڕۆژ شەرعیەتی ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە دەست دەدات و تەنیا هێز و پشتیوانیان هێزی سەرکوتکەر دەبێت و ئەویش لە درێژخایەن بێکاریگەر دەبێت. پایەی سەرەکی ئەم نیزامە هێز لە ویلایەتی فەقی و چاوەدێری ئیستسوابی وەردەگرێت و ئەو سیستم و بۆچونە دۆگماتیکە ناتوانێت لەگەڵ هیچ هێزێک و تەنانەت لەگەڵ ئامریکاش مراودە بکات و لە سەر کێشەکانی موشەکی دورهاوێژ و کڕوز  و پەرەپێدانی وزەی ئەتۆمی پێک بێن و لە درێژەی خۆیدا ئێران پشتیوانی وڵاتانی ئوروپایی و لە نەهایەتی خۆیدا روسیەش لە دەست دەدات و ئیتر جامی ژەهر بۆ کۆتاجار دەبێ بخواتەوە و پشتیوانی وڵاتانی ئوروپا بە تەواوی لە دەست دەدات. لێرە گرنگە کە شۆڕشی گەلانی ئێران وەک ساڵی ٧٨ دوپات نەبێتەوە و خەلکی ئازادیخواز رۆڵی سەرەکیان هەبێت بۆ ئاڵوگۆڕییەکان.

-  لێرەدا دەبێت کورد چ پێگە و دۆخ و شێوازێک بە بنەما بگرێت؟    

سیامەند موعینی: هەر وەک پێشتریش باسم کرد کورد پێویستە لە ئێستاوە خۆئامادە بکات بۆ ئاڵوگۆڕییەکانی داهاتو و لە ئەگەری هەر پێشهاتەیەک بە شێوازێکی عەقڵانی و لە سەر ئوسوڵی دێمۆکڕاتیک خۆبەڕێوەبەریەکی خۆجیی مسۆگەر بکات و هێزی پاراستنی ئەم دەستکەوتە مێژوییە ئامادە بکات، ئەویش تەنیا بە هێزێکی تۆکمە و بە باوەڕ و بە خوێندنەوەیەکی عیلمی لە سەر ئەساسی رئال پۆلتیکی ناوچەکە و بە ستراتژی ئازادی، ئەم رەوشە سەرکەوتوانە دەچێتە پێش.

بە پەیڕەوکردن و پۆلیتیکی سەد سال پێش، مومکین نیە گەلەکەمان لەم قۆناخەدا سەرکەوتن بە دەست بخات، بۆیە گرنگە هەر تاکێکی کورد لەم سەردەمەدا رۆڵی مێژویی خۆی بگێڕێت، بۆ ئەوەی دەرفەت نەسوتێت پێویستە هەمومان بۆ بەرزکردنەوەی ئیرادەی تاک لە ناو کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستان دا خاوەن بۆچونی سەردەمیانە و ئیرادەی ئازاد بێن، تێبکۆشین بە تۆلێڕانس و لێک تێگەییشتن و خۆشەویستی بۆ ئازادی وڵاتەکەمان تێکۆشان بکەین و بە باشی دوژمنی ئازادی بناسین و بەربەرەکانی بکەین.

-  ماوەیەک پێش ئێستا یەک دوو جار لەلایەن بزووتنەوەى ئازادیی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە پرۆژە و جاڕنامە بڵاوکرایەوە، بەڵام وەڵامێکی ئەرێنیی پێی نەدرایەوە، ئەگەر ئێران لە سیاسەتی ئینکار و سڕینەوەدا پێداگری بکات، رووبەڕووی چ چارەنووسێک دەبێتەوە؟

سیامەند موعینی: تەڤگەری ئێمە هەمیشە بەدوای چارەسەری ناکۆکیەکانە بە شێوازی دیالۆگ. پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کێشەیەکی سیاسیە و پێویستە چارەسەر بکردرێت. کۆماری ئیسلامی ئێران ناتوانێت یا خۆ ناخوازێت پرسی گەلەکەمان چارەسەر بکات و ئەو رەفتارەی ئێران بۆ گەلی کورد قبوڵ ناکردرێت. گەلەکەمان لە پڕۆسەی گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە لە لێگەڕین دا دەبێت بۆ دۆزینەوەی رێگا چارە. من پێم وایە کە لە ناو قەوارەی ئەم سیستمەی کە هەنوکە ئێران بەڕێوە دەبات، هیچ دەرفەتێکی دیالۆگ و چارەسەری پرسی کوردی پێ نیە، بۆیە گەلی کورد مەجبورە لە لێگەڕین دابێت بۆ دۆزینەوەی شێوازی گونجاو بۆ دەربازبون لەم وەزعیەتە. گەلی کورد بە مافی خۆی دەزانێت بۆ چارەسەری و گەییشتن بە ئازادی و پاراستنی کەرامەتی نەتەوەیی خۆی مێتۆد و هاوپەیمانی ستراتژیک لە ناوچەکە دەستنیشان بکات و بیخاتە پڕاکتیکەوە.

ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی، هەر جۆرە سیستمێک هەڵبژێرێت ناتوانی بەبێ لەبەرچاوگرتنی خواستەکانی گەلی کورد سەرکەوتوبێت، بۆیە گرنگە هەر لە ئێستاوە دەستنیشان بکرێت کە بەڕێوەبردنی ئێران بە زێهنیەتی شۆونیستیەوە ئیتر وڵامدەرەوە نابێت و گەلانی ئازادیخواز، ئەم شێوازە پەسەند ناکەن و بە دژی رادەوەستنەوە. بۆیە ئێمە پێمان وایە لە قەوارەی جوغرافیای ئێراندا، گونجاوترین و دێمۆکڕاتترین شیواز هەمانا خۆبەڕێوەبەری دێمۆکڕاتیکە و ئەم سیستمە دەتوانێت بەستەری گونجاو بۆ دێمۆکڕاتیزەکردنی ناوچەکەش بێت.

-  دیسانەوە لە چوارچێوەی هەڵمەتی "کات کاتی ئازادییە" ئەوەى بۆ خۆسەریی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووە، ئاستی بەشداربوون و پێشوازیی گەل و لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تیادا چۆنە؟

سیامەند موعینی: بە باوەڕی من کۆمەڵگە پەدیدەیەکی زیندوە و هەردەم لە لێگەڕینی ئازادی دایە. دەوڵەتە دیکتاتۆر و سیستمە کۆنەپەرەستەکان بەربەست و ناکۆکی روبەڕوی کۆمەلگا دەکەنەوە، لە سەر ئەم ئەساسە بەردەوام شەڕ لە نێوان دەستەڵات و جەماوەردا بەڕێوە دەچێت. گەل خولیای ئازادیە و بەدوایدا دەگەڕێت و ئامادەشە بەهای قورسی بۆ بدات. دەستەڵاتی دیکتاتۆریش لە تەقەلای پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئێلیتێکی دیاریکراو دایە. زۆر جار کە پێویست بوە رفلێکسی گەل لە هەمبەر زۆرداری دەستەڵاتداراندا خۆی نواندوە و پاشەکشەی بە زیادەڕەویەکانی دەستەڵات کردوە و زۆر جاریش بوە دەستەڵات لە هێزی جەماوەر ترساوە و بە شێوازی جیاواز حەولی تێکشکاندنی ئیرادەی جەماوەری داوە.

لەم ماوەی دواییدا کۆماری ئیسلامی ئێران هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر خەباتکارانی مەدەنی و ژینگەپارێز دەست پێکردوە و بە دەیان کەس خراونەتە ناو زیندانەکان و بی حورمەتیان پێدەکرێت. ئەم گرتنانە هەم لە سەر ئەساسی ترساندنی کۆمەڵگایە بۆ ئەوەی بیری خۆبەرێکخستن نەکەن و هاوکات سنوردانانە بۆ نوخبەی کۆمەڵگە و چاوترسێن کردنیان کە نەتوانن پێشەنگایەتی گۆمەڵگە بکەن. ئەوە لە ئەساسدا شەڕی ئازادیخوازیە کە دەستەڵات ترسی لێنیشتوە و بەم شێوازە دەخوازێت پاشەکشە بە گەل بکات و کۆنترۆڵی ساحەی لەدەست خۆیدا بهێڵێتەوە. دەخوازم ئەوە بڵێم کە هیچ سیستەمێک بە کوشتار و تێرۆری کۆمەڵگە نەیتوانیوە درێژخایەن دەستەڵات بپارێزیت، بۆیە گرنگە، هەرچی زیاتر کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆی بەرێکخستن بکات ئەوەندە پاشەکشە بە زیادەڕەویەکانی دەستەڵات دێنێت و ئەوەندەش لە گەییشتن بە ئازادی و کەرامەتی ئینسانی نزیکتر دەبێتەوە.

ژ.ت