تالیبان ناوەندی سێ ویلایەتی دیکەی ئەفغانستانی کۆنترۆڵ کرد

لە بەردەوامیی پێشڕەویی چەکدارانی تاڵیبان لە ئەفغانستان، سێ ناوەندی پارێزگای دیکەی ئەو وڵاتە کەوتە دەست ئەو چەکدارانە.

بەپێی هەواڵی میدیا خۆجێیەکانی ئەفغانستان، ئەمڕۆ سێ ناوەندی ویلایەتی ئەو وڵاتە دوای شەڕ و پێکدادانێکی کورت مەودا کەوتوونەتە دەست چەکدارانی تاڵیبان.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، شاری قەندوزی ناوەندی ویلایەتی قەندوز، شاری سەرپۆلی ناوەندی ویلایەتی سەرپۆل و شاری تاڵقانی ناوەندی ویلایەتی تەخار کەوتووەتە دەست چەکدارانی تاڵیبان.

میدیا خۆجێیەکانی ئەفغانستان باس لەوە دەکەن کە شاری قەندوز دوای شەڕێکی قورس لە ناوەندی شارەکە بە پاشەکشێی هێزەکانی ئەفغانستان، لەلایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە کۆنترۆڵ کراوە.

لە بەرامبەردا، میروەیس ئستانکەزی وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان ڕایگەیاندووە کە ویلایەتی قەندوز هێشتا نەکەوتووە و شەڕ لەناو شار بەردەوامە و سوپای ئەفغانستان کۆماندۆکانی ڕەوانەی ئەو شارە کردووە و ئەو هێزانە لە ئێستادا لە پێشڕەویی دان.

بە گوێرەی هەواڵێکی بی بی سی، کاربەدەستێکی پارێزگای قەندوز کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، ڕایگەیاندووە کە جگە لە فڕۆکەخانە، هەموو شارەکە کەوتووەتە دەست تاڵیبان و ئەو چەکدارانە ئاڵای خۆیان لەناوەڕاستی شارەکە هەڵکردووە.

بە گوێرەی هەواڵەکە، چەکدارانی گتاڵیبان، شەوی ڕابردوو، خۆیان گەیاندووەتە ناوەندی پارێزنگاکانی سەرپۆڵ و تەخار، لە ئێستادا ئەو شارانە لەژێر کۆنترۆڵی ئەوان دایەوە و هیچ هێزێکی دەوڵەتی تێیاندا نەماوە.

ف.ق