تالیبان نایەوێت دەوڵەتی تورک لە ئەفغانستان بمێنێتەوە

رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورک رایگەیاند، دوای ئەوەی ئەمریکا سەربازەکانی لە ئەفغانستان کشاندەوە، ئەوان جێگەیان دەگرنە، بزتنەوەی تالیبانیش وتی،"ئەگەر هەندێک کەس هەڵە بکەن، ئێمە وەک داگیرکەر مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین."

ئەردۆغان بەرلە کۆبونەوەی ناتۆ رۆژی دوشەممە لە فڕۆکەخانەی ئاتاتورک وتی، "ئەمریکا خۆی ئامادە دەکات لە ئەفغانستان بچێتە دەرەوە. دوای چوونە دەرەوەی ئەمریکا، تاکە هێز کە دەتوانێت ئارامی دۆخەکە لە ئەفغانستان بپارێزێت تورکیایە، هاوڕێکانمان وڵامی پێویستیان بە لایەنەکان داوە."

دەوڵەتی تورک لە ماوەی هەفتەی رابردوودا پێشنیازێکی بەم شێوەیەی کردبوو. بزوتنەوەی تالیبان رۆژی شەممە راگەیەنراوێکی بڵاوکردبووە و وتبووی، "پێویستە ئەرکی پاراستنی هەر بستێکی ئەفغانستان بۆ خەڵکی ئەفغانستان بەجێ بهێڵێت."

بزوتنەوەی تالیبان ئاماژەی بە هەندێک هەواڵ لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا و وتی، "بەهەرناوێک بێت کاتێک هێزە بیانیەکان لەسەر خاکەکەمان بمێننەوە، ئەوە لەلایەن گەلی ئەفغانستان و بزوتنەوەی تالیبان قبوڵ ناکرێت. ئەگەر هەندێک لایەن هەنگاوێکی بەم شێوەیە بنێن، لەلایەن ئێمەوە وەک داگیرکەر دەبینرێن."

بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان ئەمریکا و تالیبان ساڵی رابردوو ئەنجامدرابوو، هێزە بیانیەکان پێویستە تا ١١ی ئەیلول لەو وڵاتە بکشێنەوە.

ف.ق