تەقینەوەیەکی بەهێز لە نزیک وێستگەى ئەتۆمیی نەتەنز لە ئێران روویدا

لە شارۆچکەی بادرود لە نزیک وێستگەى ئەتۆمیی شاری نەتەنز لە پارێزگای ئیسفەهانی ئێران تەقینەوەیەکی بەهێز ڕوویدا. بەپێی وتەی بەرپرسانی ئێران تەقینەوەکە بەهۆی تاقیکردنەوەى سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە بووە.

لە شارۆچکەی بادرود لە نزیک وێستگەى ئەتۆمیی شاری نەتەنز لە پارێزگای ئیسفەهان تەقینەوەیەکی بەهێز ڕوویدا. تەقینەوەکە لە نزیک ناوەندێکی ئەتۆمیی ئێران و لە ٢٠ کیلۆمەتریی شاری نەتەنزدا روویداوە. بەهۆی بەهێزیی تەقینەوەکە هاووڵاتییان لە گوندەکانی ناوچەکە و بە تایبەت گوندی عەباس ئاباد لە ماڵەکانیان چوونەتەوە دەرەوە و بەشێک لە شوشەى خانووەکانیان شکاون.

بە وتەی بەرپرسانی ئێرانی، تەقینەوەکە بەهۆی تاقیکردنەوەی سیستمی کاردانەوەى خێرایی بەرگری ئاسمانییەوە بووە و "هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی نەبووە و جێگای نیگەرانی نییە"، بەڵام هاوکات بەرپرسانی ناوچەکە بەئاژانسی فارس نیوزیان ڕاگەیاندووە، هیچ وردەکارییەکی روون و کۆنکریتیان لەبارەی تەقینەوەکەوە نییە و لێکۆڵینەوەش لەتەقینەوەکە دەستیپێکردووەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەى لایەنە دژبەرەکانی رژێمی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، دەوترێت دەنگی تەقینەوەکە بەهۆی تەقینەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراوەوە بووە، کە بە ئاسمانی ئەو ناوچەیەدا لە سوڕانەوەدا بووە.

رۆژێک پێش ئەو رووداوە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، بە هیچ شێوەیەک رێگا نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم.

ئێران لە وێستگەى ئەتۆمیی نەتەنز پیتاندنی یورانیومی بۆ چڕی ٦٠ بەرزکردووەتەوە و ئەوەش نیگەرانیی وڵاتە نەیارەکانی ئێرانی لێکەوتووەتەوە.

ئەو وێستگە ئەتۆمییە، کە یەکێکە لە گرنگترین وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران، هاوینی رابردووش تەقینەوەیەکی بەهێز تیایدا روویدا، کە دواتر دەرکەوت ئەو تەقینەوەیە بەهۆی هێرشێکی ئیسرائیلەوە روویداوە. دواتریش دەسەڵاتدارانی ئێران رایگەیاندبوو، ئیسرائیل بەرپرس و ئەنجامدەری ئەو هێرش و تەقینەوەیەى سەر نەتەنز بووە.

لە ماوەى ٢ ساڵی رابردوودا چەندین ناوەندی ئەتۆمی و موشەکی و بنکەی گەورە و سەرەکیی سوپای پاسداران لە ئێران (لە سنووری پارێزگاکانی تاران، قوم، کەرەج، ئیسفەهان... هتد) هێرشیان لە دژ ئەنجامدراوە، یان تەقینەوەى بەهێز تیایاندا روویداوە.

ژ.ت