وەزارەتی ئیتلاعات: ١٠ ئەندامی داعشمان دەستگیر كردوە

وه‌زاره‌تی ئیتڵاعاتی رژێمی ئێران بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ده‌كات كه‌ ١٠ ئه‌ندامی گروپه‌ چه‌ته‌كانی داعشیان ده‌ستگیركردووه‌ كه‌ به‌ نیاز بوون كرده‌وه‌ تێكده‌رانه‌ ئه‌نجام بده‌ن.

وەزارەتی ئیتلاعاتی رژێمی ئێران لەراگەیەندراوێكدا رایگەیاندوە؛ ١٠ ئەندامی گروپە چەتەكانی داعشیان دەستگیركردوە. بەگوێرەی راگەیاندنە ناوخۆوەكانی ئێران، وەزارەتی ئیتلاعات رایگەیاندوە؛ ئەم كەسانە ویستوویانە لەرۆژانی مانگی مۆحەڕەمدا، چەند كردەوەیەكی تێكدەرانە لەنێوان ماته‌مگێڕاندا ئەنجام بدەن.

پێگەی میزانی گرێدراو بە دامەزراوەی دادوەری رژێمیش رایگەیاندوە؛ ئەو كەسانە لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا دەستگیر كراون.

وەزارەتی ئیتلاعاتیش رایدەگەیەنێت، ئەم كەسانە لەئەنجامی بەدواداچوون لەنێوان سنورەكانی توركیا و عێراق لەهەردوو هەرێمی رۆژئاوا و باشوری رۆژئاای وڵاتەكه‌ دەستگیركراون.

بەگوێرەی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ لەو دەستگیركراوانە؛ كەل و پەلی تەقینەوە، ئامێرەكانی پەیوەندی گرتن و چەكی سوكیان پێوە و لەئەنجامی پێكدادان لەكاتی دەستبەسەركردنیاندا دوو ئەندامی هێزەكانی دەزگای ئیتلاعاتیش بریندار بوونە.

هـ . ب