وەزیری پێشووی ئیتلاعاتی ئێران بە نەخۆشی گیانی لە دەستدا

محەمەد محەمەدی رەی شەهری حاكم "دادوەری" دینی و یەكەمین وەزیری ئیلاعاتی رژێمی ئێران بە نەخۆشی گیانی لە دەستدا. ناوبراو یەكێك بووە لەو كەسانەی دەستی لە زۆرینەی لەسێدارەدانە سیاسیەكان دا هەبووە.

بەگوێرەی راگەیاندنەكانی دەوڵەتی ئێران، رەی شەهری لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا لەیەكێك لەنەخۆشخانەكانی تاران لە ژێر چاودێریی پزیشکیدا بووە و شەوی دووشەممە گیانی لە دەستداوە.

رەی شەهری لە کاتی نەخۆشکەوتنیدا نوێنەری پارێزگای تاران بووە لە ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەرایەتی و بەرپرسی حەرەمی شا عەبدلوعەزیم و سەرۆکی دامەزراوەی زانستی رۆشنبیریی دارلوحەدیس و زانکۆی قورئان و حەدیس بوو.

محەمەد محەمەدی نیك، ناسراو بەمحەمەدی رەی شەهری، لەكاتی سەرۆك وەزیریی عەلی خامنەیی رێبەری ئێستای رژێمی ئیسلامی ئێران بووە بە وەزیری ئیتڵاعات و لە کاتی سەرۆك وەزیرانیی میرحسین موسەویش دا لەو پۆستەى بەردەوام بووە.

رەی شەهری لە سەرەتادا وەكو دادوەری دینی لەدادگاكانی شۆڕشدا بەتایبەتی لەشارەكانی دزفول، رەشت و گۆنبەد كاووس كاری كردووە.

محەمەدی رەی شەهری لەدەركردنی حۆكمی لەسێدارەدانی بەرهەڵستكاران و رەخنەگرانی رژێمی ئیسلامی و بەتایبەتی لەسێدارەدانی كەسانی سەربازی و سیاسی دا ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبووە.

ڕەی شەهری بەهۆی توندڕەوییەکانی و سەپاندنی سزاکان و لەسێدارەدانی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی ئێران، لەلایەن لایەنە سیاسییەکان و زۆرینەى خەڵکی ئێرانەوە بە کەسێکی تاوانبار دەناسرێت.

ژ.ت