ئاگربەست لە نێوان حەماس و ئیسرائیل کەوتە بواری جێبەجێکردنەوەڤ

لە کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ئاگربەست لەنێوان حەماس و ئیسرائیل کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئاگربەستەکە بە نێوەندگیری میسر هاتەکایەوە، دوێنێ سەرۆکی ئەو وڵاتە فەرمانی کرد بە ڕەوانەکردنی دوو شاندی ئاسایش بۆ ئیسرائیل و فەڵەستین تاوەکو کار لەسەر جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و بەرپرسانی حەماس بەڵێنیاندا بەبێ مەرج پابەند بن بە ئاگربەستەکەوە.

ئاڵۆزییەکان لە ١٠ی ئەم مانگەوە لەنێوان هەردوولادا چڕبوونەوە، پاش ئەوەی بۆ ماوەی دوو هەفتە خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە دەوروبەری مزگەوتی ئەقسا و گەڕەکی شێخ جەڕاح لە قودسی رۆژهەڵات بەردەوامیان هەبوو.

وەزارەتی تەندروستی فەلەستین ڕایگەیاند، بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە ٢٣٠ فەلەستینی لە غەزە کوژران لە نێویشیاندا ١٠٠ ژن و منداڵ هەبوون، بەڵام ئیسرائیل دەڵێت لەنێو ئەو کوژراوانەدا ١٥٠ چەکداری حەماس هەبووە، لە بەرامبەریشدا ١٢ ئیسرائیلی بەهۆی مووشەکبارانی حەماسەوە کوژراون.

هاوکات دوێنێ نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشكرایکرد، لە ماوەی ١٠ رۆژی شەڕدا زیاتر لە ٧٥ هەزار فەلەستینی بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەزە ئاوارە بوون.

لە چەند رۆژی ڕابردوودا میسر بڕیاری خەرجکردنی ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەزە ڕاگەیاند کە بەپێی سەرژمێرییەکان تا ئێستا بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە، زیانی ٢٤٤ ملیۆن دۆلار بەو شارە گەیشتووە و ٧٥ باڵەخانەی حکومیش بەتەواوی داڕوخاون و تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ و کەرتی تەندروستی زیانی بەرچاویان پێگەیشتووە.

لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، حەماس تا ئێستا چوار هەزار ڕۆکێت و مووشەکی گەورە و بچووکی بۆسەر خاکی ئیسرائیل هەڵداوە و زیانێکی زۆری بە شارەکانی گەیاندووە.

ف.ق