ئەمریکا: بەم نزیکانە عێراق جێناهێڵن

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، بەم نزیکانە عێراق جێناهێڵن.

ژەنراڵ کینس مکێنزی لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا بەیانی ئەمڕۆ ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لەسەر بنەمای داواکاری حکومەتی عێراق ماونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامن لە شەڕی دژ بە داعش بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەم جەنگە هێشتا کۆتایی پێنەهاتووە.

مکێنزی باس لەوەش دەکات، عێراقییەکان بۆ خۆیان شەڕ دەکەن، ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانیش لە شەڕی ڕاستەوخۆوە ڕۆیشتووە بۆ پاڵپشتی و مەشقی زیاتر، هێمای بۆ ئەوە کردووە کە دوورن لە شەڕی زەوییەوە، بەو مانایەی کە پاڵپشتییە سەربازییەکانیان بۆ سوپای عیراق لە ئێستادا ئاسمانیە لە شەڕی پاشماوەکانی داعشدا، جەختی لەوەش کردووەتەوە کە دەیانەوێت ئەو پێگەیە لەناو سوپای عێراقدا گەشە بکات.

لە بەشێکی قسەکانیدا ئەو فەرماندە ئەمریکییە ڕونیکردووەتەوە کە ئاییندەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، لە میانی گفتوگۆ ستراتیژیەکانی نێوان ئەمریکا و حکومەتی عێراق یەکلایی دەبێتەوە، بەڵام وەک خۆی ئاماژەی پێکردووە، دڵنیا نییە کە بەم نزیکانە عێراق جێبهێڵن.

دەشڵێت، “خۆشحاڵم بە چالاکییەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پاراستنی هاوبەشە هاوپەیمانەکانی لە هێرشەکان، ئەمە بەرپرسیارێتی حکومەتی عێراقەو خۆشحاڵم کە بەسەرکەوتوویی ئەو بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆ دەگرێت”.

ف.ق