ئۆپراسیۆن لە گرتووخانەی سەناعە و گەڕەکەکان بەردەوامە

ئۆپراسیۆن لە گرتووخانەی سەناعە و گەڕەکەکانی سەناعە بەردەوامە. لە ئۆپراسیۆنەکەدا بڕێکی زۆر کەرستەی سەربازی دەستیان بەسەردا گیرا.

دوای ئەوەی قەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ باکور و رۆژهەڵاتی گرتووخانەی سەناعەیان کۆنتڕۆڵ کرد، ماوەی دوو رۆژە لە ناو گرتووخانەکەدا ئۆپراسیۆنی گەڕان بەردەوامە.

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکەکانی دیکەی حەسەکەش دەستیان بە ئۆپراسیۆن کرد. ئۆپراسیۆن پاکککردنەوە و راماڵینی شانەکانی داعش لە گەڕەکەکانی غوێران و زهور درێژەی هەیە.

لە ئۆپراسیۆنەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە چەکی چەتەکانی داعش دەستیان بەسەردا گیرا. ئەوەش راگەیەنرا کە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەستیان بەسەر ژمارەیەکی زۆر کڵاشینکۆف، بی کەی سی، پشتێنی تەقینەوە و نارنجۆکدا گرتووە. 

ناوەندی راگەیاندنی قەسەدە رایگەیاند، لە 26ی کانونی دووەمدا لە کاتژمێر 14:50دا گرتووخانەی سەناعەیان خستوەتەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان و 3500 چەتەی داعشیان ناچار بە خۆبەدەستەوەدان کرد. 

 منداڵەکان لە ناوەندی چاکسازیدان

ئەو منداڵانەشی داعش پەروەردەی کردبوون، براونەتە ناوەندەکانی چاکسازی لە حەسەکە و راگەیەنرا کە ئەو منداڵانە زیندانی نین، بۆ چاکسازی و پەروەردەکردنەوە راگیراون. داواکرا کە پێویستە هەر وڵاتێک ئەو منداڵانە ببەنەوە کە هاووڵاتی ئەوانن و پێویستە رێوشوێنێکی چارەسەری نێونەتەوەیی دابنرێت.

ئەحمەد: هێرشێکی بەرفراوان بوو

ئەندامی فەرماندەیی گستیی قەسەدە و یەک لەو فەرماندانەی ئۆپراسیۆنەکەی بەڕێوەدەبرد نەورۆز ئەحمەد لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا باسی لەوەکرد، کە چەتە پلەباڵاکانی داعش کە لە ساڵی 2019 لە باغوز دەستگیرکرابوون لە گرتووخانەی سەناعەدا بوون. ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، کە لەبەر ئەو هۆکارە گرتووخانەکە بۆ داعش زۆر گرنگە و وتی: "لەوەها کاتێکدا هێرشێکی لەم جۆرە کرا و کاتێک ئەردۆغان دەیگوت 'ئێمە ستراتیژیەکی نوێوە شەڕ دەکەین' زۆر واتادارە. ئەو هێرشە لە هێرشەکانی پێشوو بەرفراوانتر و جیاوازتر بوو. زۆر بە باشی خۆیان ئامادەکردبوو، لە هێرشەکانی پێشتر جیاوازتر و رێکخراوتر بوو. گروپەکان لە ژێر کۆنتڕۆڵی تورکیا و ئەو گروپانەشی لە عێراق و سوریاوە هاتبوون، پێکەوە هێرشیان کرد. ژمارەیەکی زۆر چەتە خۆیان رادەتس کرد، دان بەوەدا دەنێن کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی تورکیاوە هاتوون. کاتێکیش ئێمە ویستمان ئەو هێرشانە تێکبشکێنین جارێکی تر دەوڵەتی تورک هێرشی کردەوە".

هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئارێز عەبدوڵا پیرۆزبایی لە سەرکەوتنی شەڕڤانانی قەسەدە بەرامبەر بە داعش کرد.

هـ . ب